کۆچ و کۆچبەرانى عێراق: پێشنیاز کراوە داخستنى کەمپى ئاوارەکان دوابخرێت

28-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بیرۆکەى دواخستنى پرۆسەى داخستنى کەمپى ئاوارەکانى هەرێمى کوردستان لە نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ کراوە و بڕیارە راپۆرتێک لە بارەیەوە بدرێتە سەرۆکوەزیران. گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەران دەڵێت، "ئەگەر هەیە دوابخرێت".
 
عەلى جیهانگیر، گوتەبێژى وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: :لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە پێشنیاز کراوە داخستنى کەمپەکان دوابخرێت، بەڵام ماوەى دواخستنەکە دیارینەکراوە و لە کۆبوونەوەى نێوان هەردوولا تاوتوێ کراوە."
 
ئەو وەزارەتە 30ى تەممووزى دیاریکردبوو بۆ ئەوەى سەرجەم کەمپى ئاوارەکان دابخرێن. عەلى جیهانگیر گوتى: "ئەگەر هەیە داخستنەکە دوابخرێت لەبەرئەوەى ئاڵنگاریى هەیە، هێشتا بەشێک لە زێدى ئاوارەکان خزمەتگوزاریى تەواویان تێدا نییە تاوەکو بگەڕێنەوە".
 
دیوانى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق لە 2ى تەممووز بڕیاریدا لیژنەیەکى هاوبەش لەگەڵ هەرێمى کوردستان پێکبهێندرێت بۆ یەکلاکردنەوەى پرسی داخستنى کەمپى ئاوارەکان. عەلى جیهانگیر گوتى: "لیژنەکە لەو بارەیەوە راسپاردە بۆ سەرۆکوەزیران بەرز دەکاتەوە تاوەکو بڕیار لە دواخستنەکە بدرێت".
 
نزیکەی 26 هەزار و 500 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان ماون، نزیکەی 22 هەزاریان لە دهۆک و ئەوانی دیکە لە هەولێرن. لە پارێزگای سلێمانی هیچ کەمپێک نەماوە.
 
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە