کۆمیسیۆن: سبەی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دەنێرین

 
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، سبەی دووشەممە لیستی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رەوانەی وەزارەت و دەستەکان لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "سبەی دووشەممە، 29ـی تەممووزی 2024، لیستی ناوی بەربژێرانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رەوانەی وەزارەت و دەستە پەیوەندیدارەکان دەکەین بە مەبەستی وردبینی و لێکۆڵینەوە لە شیاوێتییان، بەپێی مەرج و رێنماییەکانی کۆمیسیۆن". 
 
بەپێی سیستمی تۆمارکردن و پەسندکردنی لیستی بەربژێرانی هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی پەرلەمانی کوردستان، مەرجە ئەو کەسەی دەبێتە بەربژێر بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەم ئەم شەش مەرجەی تێدا بێت:
 
- هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بێت (بەپێی ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتمانی یان کارتی بایۆمەتریی دەنگدان) و نیشتەجێی ئەو شوێنە بێت کە کارتی زانیارییەکەی تێدا دەرچووە.
 
- تەواو شیاو بێت و 25 ساڵ کەمتر نەبێت.
 
- بتوانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت.
 
- بە تاوانەکانی ئابڕووبەری ئەخلاقی، ئادابی گشتی و دەستپاکی سزای زیندانیکردنی نەبێت.
 
- بە تاوانەکانی کوشتنی بەئەنقەست یان دزیکردن سزای زیندانیکردنی نەبێت.
 
- لەو تاوانانەی دەسەڵاتە سەرکوتکارەکان پلانیان بۆ داڕشتووە بەشداری نەکردبێت یان لە هەرێمی کوردستان ئەو تاوانەی نەکردبێت.
 
کۆمیسیۆن لیستی ناوی بەربژێران بۆ هەریەک لە وەزارەتەکانی ناوخۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان و دەستەکانی دەستپاکی لەو دوو حکومەتە دەنێرێت و پێویستە لەماوەی 15 رۆژدا وردبینی و لێکۆڵینەوە لە ناوەکان و شیاوێتیی بەربژێران تەواو بێت.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.