شاندەکەی دەم پارتی لە هەرێمی کوردستان: داوای کۆبوونەوەمان لە یەکێتی و پارتی کردووە، بەڵام وەڵامیان نییە

رووداو دیجیتاڵ

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی و یەکسانی (دەم پارتی)، کە ئەندامی شاندی ئەو حیزبەیە بۆ هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەوەی تورکیا لە باشوور دەیکات هەمان ئەو هەنگاوانەیە کە لە باکوور دژی ئەوان دەیکات.
 
شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی (دەم پارتی) سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کرد. 
 
نەورۆز ئویساڵ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی شرنەخ میوانی گەشتێکی هەواڵەکانی رووداو بوو، لەبارەی هۆکاری سەردانەکەیان بۆ هەرێمی کوردستان، گوتی "شاندەکەمان ئێستا وەکو مژاری یەکەم، گفتوگۆ لەسەر ئەو شەڕە دەکات، کە لە کوردستان روودەدات. هەروەها بابەتەکانی پرسی کورد، دۆزی بەڕێز ئۆجەلان لە ئیمراڵی، چارەسەری پرسی کورد قسەی لەسەر دەکرێت. جەخت لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە دەتوانرێت لە باشووری کوردستان چی بکرێت."
 
نەورۆز ئویساڵ رایگەیاند، داواکاریی کۆبوونەوەیان ئاراستەی بەشێکی زۆر لە حیزبە سیاسییەکان کردووە و، گوتی "ئەو لایەنانەی داواکارییەکەی ئێمە پەسند دەکەن، ئێمە لەگەڵیاندا کۆدەبینەوە." 
 
نەورۆز ئویساڵ هەروەها باسی لەوە کرد، ئەوان دەیانەوێت ناڕەزاییەکانیان سەبارەت بە بابەتی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بگەیەنن و بیکەنە بابەتێکی نەتەوەیی.
 
سەبارەت بە کۆبوونەوەیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەورۆز ئویساڵ گوتی "ئێمە، داواکاریمان بۆ ناردوون، بەڵام تائێستا وەڵامیان نییە. ئێستا چاوەڕێین کاتی کۆبوونەوەمان لەگەڵ یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی دیاری بکرێت." 
 
رووداو لە نەورۆز ئویساڵی پرسی 'ئایا پارتە سیاسییەکانی باشووری کوردستان دەتوانن لەم پرسەدا چی بکەن؟' ئویساڵ لە وەڵامدا دەڵێ "بێگومان دەتوانن زۆر شت بکەن. بۆ نموونە ئەمە بکەنە رۆژەڤ، دەتوانن بەشداری لەو کەمپەینە بکەن کە ئەمڕۆ لە 185 وڵاتی جیهان بە باشووریشەوە، دەکرێت. لەڕێی نووسین، پەیام، کتێب و رێپێوان، چالاکی و زۆر شتی دیکە."
 
سەبارەت بەو ئۆپەراسیۆنانەی تورکیا لە باشوور و رۆژئاوای کوردستان دەیانکات، پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکانیاندا جەخت لەسەر ئەو بابەتە دەکەنەوە. هاوکات باسی لە بوونی گوشاری زۆری حکومەتی تورکیا لەسەر ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی کرد و گوتی "رۆژانە ئۆپەراسیۆن لە دژی پارتەکەمان دەکرێت. ماوەی هەفتەیەکە ئەو گەنجانەی بە گۆرانیی کوردییەوە شایی کوردی دەکەن، بە کۆمەڵ دەستگیردەکرێن. ئەم بابەتانە هەموویان بەیەکەوە بەندن و پێویستە بە عەقڵێکی کوردەواری مامەڵەی لەگەڵدا بکەین و لەنێو خۆماندا هاوپەیمانی بکەین، چونکە ئەوەی لە باشوور دەگوزەرێت، هەمان شتە کە لە باکوور دەگوزەرێت." 
 
شاندەکەی دەم پارتی، کە چوار رۆژە لە هەولێرن، بڕیارە سەردانی سلێمانیش بکەن و ماوەی سێ رۆژیش لەوێ دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بکەن.