ماڵپەڕی شەفافییەت: داهاتی یەک هەفتەی سلێمانی نزیکەی 24 ملیار دینارە

28-07-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەگوێرەی ماڵپەڕی شەفافییەت، داهاتی یەک هەفتەی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین زیاتر لە 23 ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا هەفتەی پێشتری زیاتر لە 19 ملیار دینار بووە.
 
رۆژی هەینی 28ی تەممووزی 2023 ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاویکردەوە، لە رۆژی 22ی تەممووز بۆ ئەمڕۆ 28ی تەممووز، داهاتی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین 23 ملیار و 756 ملیۆن و 274 هەزار و 916 دینار بووە.
 
بەگوێرەی ماڵپەڕەکە، داهاتی ئەم هەفتەیە نزیکەی چوار ملیار زیاتر بووە لە هەفتەی پێشتر، لە کاتێکدا داهاتی هەفتەی پێشتری سنوورەکە لە 15ی تەممووز بۆ 21 تەممووز 19 ملیار و 997 ملیۆن و 615 هەزار و 723 دینار بووە.
 
ئەو داهاتانەی ماڵپەڕی شەفافییەت بڵاویان دەکاتەوە، داهاتی نانەوتین و لە رێگەی شەش گەنجینە (گەنجینەی دوو، گەنجینەی یەک، گەنجینەکانی گەرمیان، راپەڕین، چەمچەماڵ و هەڵەبجە) کۆکراونەتەوە.
 
رۆژی 15-12-2022 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ماڵپەڕی شەفافییەتی راگەیاند.
 
ماڵپەڕی شەفافییەت لە هەشت بەش پێکدێت و لەلایەن نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەتەوە سەرپەرشتی دەکرێت و درووشمی "بە سیستمکردن و دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتییان لە دامودەزگاکانی حکومەت"ی بەرزکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە