قەبارەی هەناردە لە سنووری میهرانی ئیلام 537 ملیۆن دۆلاری تێپەراند

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە چوار مانگی رابردوودا بە بەهای 537 ملیۆن دۆلار کەلوپەل لە دەروازەی سنووری میهرانەوە هەناردە کراوە.
 
روحوڵڵا غولامی، بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئێلام رۆژی پێنجشەممە لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمی ئێران رایگەیاند، ئەمساڵ زیاتر لە یەک تائێستا یەک ملیۆن تۆن کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووری میهرانەوە هەناردە کراوە، کە 9٪ لە ساڵی رابردوو زیاترە.
 
بەڕێوەبەری گومرکی پارێزگای ئێلام گوتی، زۆرترین ئەو شمەکانەی لەو دەروازەیەوە هەناردەی عێراق کراوە، بریتیبوون لە بەرد، کاشی، ئاسن، پۆلا، بەرهەمی پترۆکیمیایی، چیمەنتۆ، بەرهەمە پلاستیکییەکان، میوە و سەوزە
 
بەگوتەی روحوڵڵا غولامی، داهاتی گومرکەکانی پارێزگای ئیلام لەمساڵدا بە رێژەی 47٪ بەرزبووەتەوە و گەیشتووە 22.5 ملیار تمەن.
 
دەروازی سنووریی میهران یەکێک لە گرنگترین دەروازە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، کە ساڵانە زۆرترین هەناردەی ئێران لە دەروازە سنوورییەکانەوە لەو دەروازەیەوە دەکرێت.