دەیان کۆچبەر لە تونسەوە بەزۆر دەگوازرێنەوە سەر سنووری بیابانی لیبیا

 
رووداو دیجیتاڵ

دۆخی دەیان کۆچبەری ئەفریقی، کە بە گوتەی خۆیان، حکومەتی تونس بە زۆر بۆ سەر سنووری بیابانیی لیبیا دووریخستوونەتەوە خراپە. هەندێکیان دەڵێن، تینویانە، هەندێکیشیان برسییانە؛ بەشێکیشیان کە ژنن و منداڵیان هەیە، داوای هاوکاری دەکەن لەپێناو منداڵەکانیان.
 
کۆچبەرێک دەڵێت، "بارودۆخمان زۆر زۆر خراپە، حکومەتی تونس بەزۆر ئێمەیان هێناوەتە ئێرە، نە ئاوی پاکی خواردنەوە هەیە و نە خۆراک و نە شێڵتەر، ئێمەیان دیپۆرت بکردایە بۆ وڵاتانی خۆمان زۆر باشتر دەبوو."
 
ئەمساڵ سەروو 50 هەزار کۆچبەر لەڕێگەی دەریای نێوەڕاستەوە چوونەتە ئەوروپا، زۆربەیان لە تونسەوە کۆچیان کردووە. حکومەتی تونس بە رێککەوتن لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا هەڵمەتێکیان دژ بە کۆچبەران دەستپێکردووە.
 
کۆچبەرێک ئاماژە بەوە دەکات، "سێ هەفتەیە ئێمە لێرەین، چوار کەس تەنیا ئەم دەبە ئاوەیان هەیە، ئێمە وا دەمرین."
 
لە ناوەڕاستی تەممووزی 2023 و بە مەبەستی رێگری لە چوونی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا، یەکێتییەکە گرێبەستی یەک ملیار دۆلاریی لەگەڵ تونس واژۆ کرد.