136 ملیۆن دۆلاری پارەی گەنمی جووتیارانی سنە لەلای حکومەتە

28-07-2023
سینا سۆما
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومیی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە دەستپێکی وەرزی دروێنەی ئەمساڵەوە تائێستا زیاتر لە 471 هەزار تۆن گەنم بە بەهای زیاتر لە 143 ملیۆن دۆلار لە جووتیارانی پارێزگاکە وەرگیراوە، بەڵام تەنیا 6.5 ملیۆن دۆلار لەو پارەیە بۆ جووتیاران خەرجکراوە.
 
جەمال ساڵحی، نوێنەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومیی پارێزگای سنە دەڵێت، "لە پلانماندایە ئەمساڵ زیاتر لە 870 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگیرێت و تائێستاش 471 هەزار و 987 تۆن لە سایلۆکان و ناوەندەکانی وەرگرتنی گەنم وەرگیراوە." 
 
بە گوتەی جەمال ساڵحی، زۆرترین بڕی گەنمی وەرگیراو لە شاری بیجار بووە، کە 121 هەزار و 771 تۆن بووە. هەروەها لە شاری سەقز 109 هەزار و 644 تۆن، لە قوروە 88 هەزار و 450 تۆن، لە دێولان 62 هەزار و 297 تۆن، لە کامێران 49 هەزار و 736 تۆن، لە دیواندەرە 26 هەزار و 891 تۆن، لە سنە 6 هەزار و 712 تۆن، لە بانە دوو هەزار و 793 تۆن، لە مەریوان دوو هەزار و 87 تۆن و لە سەوڵاوا یەک هەزار و 607 گەنم لە جووتیاران وەرگیراوە.
 
نوێنەری کۆمپانیای بازرگانیی حکومیی پارێزگای سنە ئاماژەی بەوە کرد، بەهای گەنمی وەرگیراو لە جووتیارانی پارێزگاکە گەیشتووتە 7 هەزار و 145 ملیار تمەن (زیاتر لە 143 ملیۆن دۆلار) لەو بڕەش تائێستا تەنیا 323 ملیار تمەن (زیاتر لە 6.5 ملیۆن دۆلار) بۆ جووتیاران خەرجکراوە. 
 
سەبارەت بە خەرجکردنی شایستەی جووتیاران جەمال ساڵحی رایگەیاندووە، پارێزگاری کوردستان لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵی قسەی کردووە، ئێستا بەشێکی دیکە لە پارەکە خراوەتە سەر حیسابی بانکی جووتیاران.
 
ساڵحی پێشبینی دەکات بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە پارێزگای سنە بگاتە یەک ملیۆن تۆن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە