رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ لە نزیک نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک دوو کەس بەسەر ماتۆڕێکەوە تەقەیان لە هێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکووک کرد و ئەفسەرێک بە پلەی مولازمی یەک بە ناوی عەلی شەهاب ئەحمەد برینداربوو.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک زانیارییەکانی بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە و رایگەیاند، "ماتۆڕسکیلێک دوو کەسی لەسەر بووە و دەم و چاوی خۆیان هەڵپێچابوو، لە شەقامی ئەتڵەسەوە بەرەو نزیک نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووک هاتوون. لەوکاتە مەفرەزەیەکی پۆلیسی فریاکەوتن رایاندەگرن بۆ لێکۆڵینەوە. سەرنشینی ماتۆڕەکە لەدواوەی شۆفێرەکە بە دەمانچە تەقەی لە هێزەکە کردووە و ئەفسەرێک برینداربووە."
لەبارەی دۆخی بریندارەکە، ئەو سەرچاوەیە گوتی، "دوو فیشەک بەر شانی کەوتوون، بەڵام دۆخی جێگیرە و بە نەشتەرگەری تواندراوە فیشەکەکان دەربهێندرێن."
هاوکات، سەرچاوەکەی رووداو گوتی، "دوای رووداوەکە تەقەکەرەکان بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵهاتوون، بەڵام دەزگا ئەمنییەکان لەهەوڵدان تاوەکو دەستگیریان بکەن."
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە شەوی سێشەممەی هەفتەی رابردوو بە هەمانشێوە ماتۆڕسوارێک تەقەی لە ماڵی عەمید غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەوجەوانانی کەرکووک کرد و بەهۆیەوە پاسەوانێکی کوژرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ