سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: لە رووداوەکەی هاتووچۆی ئەمڕۆدا 36 کەس بریندار بوون

28-07-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو- هەولێر 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، لە رووداوەکەی هاتووچۆی ئەمڕۆی نێوان مینی پاسێک و کۆستەرێکدا لە گەلی عەلی بەگ، 36 کەس برینداربوون و رەوشی چواریان باش نەبوو و، بەو هۆیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کران؛ دەشڵێت: "داوام لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ کردووە راپۆرتی خۆیان لەبارەی رووداوەکەوە ئامادە بکەن و لایەنی کەمتەرخەمیش دەستنیشانبکەن."
 
رۆژی پێنجشەممە، 28ـی تەممووزی 2022، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی ئەو رووداوەی ئەمڕۆ لە گەلی عەلی بەگ لە ئەنجامی پێکدادانی مینی پاسێک و کۆستەرێک روویدا، 36  کەس برینداربوون، چواریان رەوانەی نەخۆشخانەکانی هەولێر کراون، چونکە رەوشی تەندروستییان باش نەبوو."
 
هەڵگورد شێخ نەجیب گوتیشی: "داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ کردووە راپۆرتی خۆیانمان پێبدەن و لایەنی کەمتەرخەمیش دیاری بکەن، چونکە شۆفێری تەنیا رۆیشتن لە رێگە نییە؛ سەلامەتی و گەیشتن بە شوێنی مەبەست بە دروستی گرنگترە."
 
دوای رووداوەکەی ئەمڕۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران سەردانی نەخۆشخانەی ئاشتی کرد و لە رەوشی تەندروستیی بریندارانی پرسی.
 
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، لە ساڵی 2021دا زیاتر لە چوار هەزار و 119 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیەوە 662 کەس گیانیان لەدەستداوە و حەوت هەزار و 220 کەسیش برینداربوون، هەروەها زیاتر لە 122 هەزار ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی پارێزگاکان تۆماركراون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە