کۆنسوڵخانەی فەڵەستین هاوژینی مامەڕیشە خەڵات دەکات

 
رووداو – سلێمانی

کۆنسوڵخانەی فەڵەستین هاوژینی مامەڕیشە، شۆڕشگێڕی کوردی خەڵاتکرد لەپێناو بەشداریکردنی لە جەنگی ئازادیی فەڵەستیندا، هاوژینی مامەڕیشە دەڵێت "هاوژینەکەم لە هەر شوێنێک بیزانیبا خەڵک ستەمی لێدەکرێت، دەچوو".
 
رۆژی دووشەممە 26ی تەممووز مەراسیمێکی رێزلێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی رۆشنبیریی قەزای چەمچەماڵ بەڕێوەچوو، کە لە مەراسیمەکەدا کۆنسوڵخانەی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان خەڵاتێکی بەناوی خەڵاتی رێزلێنان و وەفا بە نیشتمان حەسەن، هاوژینی مامەڕیشە بەخشی.
 
نەزمی حزوری، کۆنسوڵی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت "لە ساڵی 1946ـەوە پەیوەندیمان لەگەڵ کوردانی عێراق هەیە و پێشتریش هەریەکە لە مەلا مستەفا، سەرۆک مەسعود بارزانی و مام جەلال پەیوەندیی باشیان هەبووە لەگەڵ سەرکردەکانی فەڵەستین و چەندین گەنجی دیکەی کوردیش هەبوون کە لە ساڵانی 1970 تاوەکو دواتر، بەشداریی خەباتی ئازادییان کردووە لەگەڵ ئێمە و گەلەکەماندا؛ ئەمڕۆش بەم رێزلێنانە وەفاداری و دڵسۆزیی خۆمان بۆ خەباتی ئەوان دووپاتدەکەینەوە".
 
کۆنسوڵی فەڵەستین لە هەرێمی کوردستان گوتیشی "مامە ریشە لە سەرەتای ساڵانی حەفتاکان چووەتە سووریا و لەوێ لەگەڵ بزووتنەی ئازادیی فەڵەستین بەشداریی جەنگی کردووە دژی ئیسرائیل، بۆیە ئێمە هەمیشە شانازیی پێوە دەکەین"ٚ.
 
نیشتمان حەسەن، هاوژینی مامەڕیشە بە رووداوی راگەیاند "من تەنیا ساڵ و نیوێک لەگەڵ مامەڕیشە ژیاوم، چونکە ئەویش پێشمەرگە بوو، کاتی نەبوو باسی هەموو وردەکارییەکانی ژیانیم بۆ بکات، بەڵام هەمیشە باسی ئەوەی بۆ دەکردم کە چووە بۆ فەڵەستین و لەوێ شەڕی کردووە دژی ئیسرائیل، هەمیشە دەیگوت بزانم لە هەر شوێنێک هەر گەلێک ستەمی لێدەکرێت، ئامادەم خۆمیان پێ بگەیێنم و هەمیشەش لەپێناو گەلەکەم دەجەنگم".
 
هاوژینی مامەڕیشە ئاماژەی بەوەش کرد "مامە ریشە جێگەی شانازیی من و هەموو کوردێکە و بۆ هەمیشە لە یادی من و هەموو ئازادیخوازان دەمێنێتەوە".
 
لە ساڵانی کۆتایی چلەکان تاوەکو ساڵی 1975 ژمارەیەک لە پێشمەرگە و کوردانی باشووری کوردستان بەشداریی جەنگی فەلەستینیان دژی ئیسرائیل کردووە و 12 کەسیان شەهیدبوون، کە تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان لە شاری حەنەینی فەڵەستینە، هەروەها دەیان کەسیشیان برینداربوون و شۆڕشی فەڵەستینیان بە شۆڕشی ئازادی ناوبردووە.
 
مامەڕیشە، ناوی نەجمەدین شوکور رەئووفە و ساڵی 1955 لەدایکبووە. لە ساڵی 1972 چووەتە سووریا و لە رۆژئاوای سووریا و باشووری لوبنان بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە ریزەکانی بزووتنەوەی ئازادیی فەڵەستین وەکو خۆبەخشی عێراقی جەنگاوە دژی سوپای ئیسرائیل، لە ساڵی 1977 گەڕاوەتەوە کوردستان و تاوەکو ساڵی 1985 پێشمەرگە بووە لە ریزەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان و لەو ساڵەشدا شەهیدبووە.