شڤان پەروەر لە ماوەی 42 ساڵدا دووجار چاوی بە باوکی کەوتووە

28-07-2018
فەرهاد دۆڵەمەری
شڤان پەروەر لە پیرمام پرسەی بۆ باوکی دانا
شڤان پەروەر لە پیرمام پرسەی بۆ باوکی دانا
نیشانەکردن شڤان پەروەر
A+ A-

رووداو - هەولێر

شڤان پەروەر، هونەرمەندی بەنێوبانگی کورد لە تەمەنی لاویەوە بەهۆی پاڵپشتی باوکییەوە دەستی بە گۆرانی گوتن کردووە. بەڵام بەهۆی هەڵوێستە سیاسییەکانی نەیتوانی بەشداری بەخاکسپاردن و پرسەکەی باوکی لە زێدی خۆی بکات.

رۆژی 19-7-2018 یونس ئایگون، باوکی شڤان پەروەر لە تەمەنی 105 ساڵیدا لە شاری وێرانشاری باکووری کوردستان کۆچی دواییکرد. بەڵام شڤان پەروەر نەیتوانی لە زێدی خۆی بەشداری پرسەکە بکات، دوای نزیکەی 10 رۆژ لە مردنی، توانی لە شارۆچکەی پیرمام لە هەولێر پرسە بۆ باوکی دابنێت.

شڤان پەروەر دەڵێت، وەک چۆن لە سەرەمەرگدا نەیتوانی لەگەڵ دایکی بێت، نەیتوانی لەکاتی مەرگیدا لەگەڵ باوکیشی بێت، کە وەک خۆی دەڵێت "باوکی لە تەمەنی خۆیدا بۆ پێگەیاندنیان زەحمەتی زۆری بینیووە". 

بەهۆی زاڵبوونی هەستی نەتەوایەتی، شڤان پەروەر هیچ کات بە زمانەکانی دیکە گۆرانی نەگوتووە، لەسەر ئەو هەڵوێستانەشی لە قوتابخانەوە لەلایەن مامۆستاکانییەوە لێیدراوە.

بەهۆی بەردەوام گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی و هەڵوێستە سیاسییەکانی، شڤان پەروەر لە تەمەنی 21 ساڵیدا باکووری کوردستانی بەجێهێشت و لە ساڵی 1976 لە ئەڵمانیا گیرسایەوە. لەو کاتەوە تەنیا دوو جار چاوی بە باوکی کەوتووە. ئەو ئێستاش خەون بەوەوە دەبینێت بە ئازادی بگەڕێتەوە زێدی خۆی.

شڤان پەروەری تەمەن 63 ساڵ تاوەکو ئێستا زیاتر لە 25 ئەلبوومی گۆرانی تۆمارکردووە، کە بەشێکی زۆریان گۆرانی و سروودی نەتەوەیی و نیشتمانین.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە