هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: یەک ملیار دۆلارمان بۆ پێشمەرگە خەرجکردووە
رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش رایگەیاند، لە ماوەی هەشت ساڵدا یەک ملیار دۆلاری بۆ پڕچەککردن و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە تەرخانکردووە، ئێستاش کارەکانی یەکخستنەوەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگەیە لە چوارچێوەی لیوا هاوبەشەکاندا.
لە راگەیێندراوێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا هاتووە، "بەپێی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن لەنێوان ساڵانی 2016 تاوەکو 2026، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیار دۆلاری بۆ پڕچەککردن و راهێنانی هێزەکانی پێشمەرگە بۆ شەڕی دژ بە داعش تەرخانکردووە."
هەروەها ئاماژەی بە ئەرکەکانی ئێستای داوە و دەڵێت، "لە چوارچێوەی ئەرکەکەی ئێستای، کە پێدانی راوێژکاری و هاریکاری و تواناسازییە، ئێستا پشتگیریی تێکەڵکردنەوەی هێزە جیاوازەکان لە یەک هێزی یەکگرتوو و لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات."
لە 12ی تەممووزی 2016 ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەرێمی کوردستان رێککەوتننامەیەکی سەربازییان واژۆ کرد، کە بریتی بوو لە پڕچەککردن و تواناسازی و راهێنانپێکردن، رێککەوتننامەکە بۆ 10 ساڵە.
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژ بە داعش لە ئەیلوولی ساڵی 2014 دوای هێرشەکانی چەکدارانی داعش بۆ سەر موسڵ و پارێزگای نەینەوا و کۆنتڕۆڵکردنی یەک لەسەر سێی خاکی عێراق، دامەزراوە؛ لە 87 وڵات و هاوبەش پێکدێت.