لە کرماشان تاوەکو نیوەڕۆ رێژەی دەنگدان 10٪ بووە

رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، تاوەکو نیوەڕۆ 147 هەزار کەس لە سنووری ئەوان دەنگیان داوە، کە دەکاتە 10٪ی دەنگدەرانی ئەو پارێزگایە، داوای لە دەنگدەران کرد بەشداری لە دەنگداندا بکەن.
 
ئەمڕۆ هەینی 28-06-2024، کاژێر 08:00ـی بەیانی بە کاتی تاران (7:30 بە کاتی هەولێر) پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێران دەستیپێکرد و ئەگەر کاتەکەی درێژ نەکرێتەوە، تاوەکو کاژێر 18:00 بە کاتی تاران (17:30 بە کاتی هەولێر) بەردەوام دەبێت.
 
لە کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش بنکەکانی دەنگدان بەڕووی دەنگدەراندا کرانەوە و دەنگدان لەو پارێزگایە بەردەوامە.
 
عەلی شەعبانی، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، "تاوەکو نیوەڕۆ 147 هەزار و 235 کەس لە هەزار و 636 بنکەی دەنگدانی پارێزگای کرماشان دەنگیان داوە".
 
شەعبانی گوتی، ئەم ئامارە بە واتای ژمارەی ئەو کەسانە دێت کە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان چوونەتە بنکەکانی دەنگدان لە پارێزگای کرماشان و بەڵگەنامە و ناسنامەی خۆیان پێشکەشی بەرپرسانی بنکەکان کردووە.
 
بە گوتەی شەعبانی، دەنگدەران پێویستە ناسنامەیان پێ بێت بۆ ئەوەی بتوانن دەنگ بدەن و جەختی لەوە کردەوە، هەتا کەسێک لە بنکەکانی دەنگدان مابێت، بەردەوام دەبن.
 
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی پارێزگای کرماشان هەروەها گوتی، "لە پارێزگاکانی گەرمەسێر خەڵک هەوڵدەدەن لە کاتی فێنکدا بچنە بنکەکانی دەنگدان، بەڵام باشترە زوو بچن و دەنگدانیان بۆ دواساتەکان نەهێڵنەوە".
 
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە یەک ملیۆن و 460 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە و لە رێگەی هەزار و 636 بنکەی دەنگدان دەتوانن دەنگ بدەن.
 
بەپێی دەستەی هەڵبژاردنەکانی ئێران، لەو هەڵبژاردنەدا 61 ملیۆن و 452 هەزار کەس مافی دەنگدانیان هەیە، 58 هەزار و 640 بنکەی دەنگدان لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەلاتی کوردستان دانراون؛ هەروەها لە دەرەوەی وڵاتیش، هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی 344 بنکە دەنگ بدەن.
 
لە 14ـیەمین خولی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریی ئێراندا، چوار بەربژێر بۆ بەدەستهێنانی پۆستەکە رکابەری دەکەن؛ سەعید جەلیلی، محەممەدباقر قالیباف، مستەفا پوورمحەممەدی کە بەربژێری نەریتخوازەکانن و مەسعود پزیشکیانیش، کە تاکە بەربژێری ریفۆرمخوازەکانە.