بەڤیدیۆ: بەهۆی بۆردوومانی سوپای تورکیاوە ئاگر لە گوندێکی ئامێدی کەوتەوە

رووداو دیجیتاڵ
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، سوپای تورکیا سنووری گوندی سەرگەلێی لە ئامێدی بۆردوومان کرد؛ بەهۆیەوە ئاگر کەوتەوە و بۆ ماوەی دوو کاژێر بەردەوام بوو.
شێروان سەرگەلی، دانیشتووی گوندەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لەبەر مەترسی تۆپباران و بۆردوومانی تورکیا ناتوانن ئاگرەکە بکوژێننەوە و بەو هۆیەوە، رووبەرێکی فراوانی سنووری گوندەکەیان سووتاوە.
ماوەیەکە سوپای تورکیا چڕتر لە جاران سنووری قەزای ئامێدی و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بۆردوومان دەکات. ئەگەرچی ئەو وڵاتە هۆکارەکەی بۆ هەبوونی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەگەڕێنێتەوە، بەڵام سنووری گوندەکان و خەڵکی سڤیلیش تووشی زیانی گیانی و مادی بوونەتەوە.
چەند شەوێک لەمەوبەر، شەڕ و رووبەڕووبوونەوە لەنێوان گەریلاکانی پەکەکە و سەربازانی تورکیا لە گوندی بێلیزانێ لە هەمان سنوور روویدا.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، سوپای تورکیا لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کار لەسەر دروستکردنی شەش خاڵی نوێی سەربازی دەکات. دانیشتووانی گوندەکانی دەروبەر بێبەش بوون لەو خێر و بێرەی لەو شاخانەدا هەیە و دەڵێن، بەرهەمی کشتوکاڵییان کەمی کردووە.
خەلات زوبێر، گوندنشینێکی سنوورەکەیە و ئاژەڵدارە، بە رووداوی گوت، "نزیکەی سێ هەزار بزن و مەڕمان هەن، پێشتر دەچووینە شاخ و هەر شوێنێکی دیکە کە ویستبامان. بەڵام دوای ئەوەی ئەمانە هاتوون. ناتوانین بچینە هیچ شوێنێک. تەنیا دەتوانین 200 بۆ 300 مەتر لە دەوروبەری گوندەکەمان هاتووچۆ بکەین".
ڤیتییەک لەو بارەیەوە ببینن: