سێیەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا

28-06-2024
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سێیەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا. گوتەبێژی تەندروستی دەڵێت، دۆخی نەخۆشەکە باشە.
 
رۆژی هەینی 28-06-2024، سامان شێخ لەتیف، گوتەبێژی تەندروستیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تووشبووەکە خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕینە، بەڵام لە شاری سلێمانی چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت و تەندروستیی باشە".
 
تووشبووەکە گەنجێکە و پێشتر پشکنینی بۆکراوە و ئەمڕۆ ئەنجامەکەی دەرچووە. سامان شێخ لەتیف گوتی: "دەگوترێت گەنجەکە ئاژەڵفرۆش بووە".
 
‌‌هەروەها ‎تەها محەممەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی راپەڕین بە ئەبوبەکر ئیسماعیل، پەیامنێری رووداوی گوت، گەنجەکە تەمەنی 18ساڵە و دانیشتووی قەزای رانیەیە، قەسابە و ئێستا لە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی چارەسەر وەردەگرێت.
 
26ـی ئەم مانگە دووەم تووشبووی تای خوێنبەربوون لە پارێزگای سلێمانی تۆمارکرا؛ تووشبووەکە تەمەنی 33 ساڵ و ئاژەڵدارە.
 
ئێستا ژمارەی ئەوانەی ئەم ساڵ لە هەرێمی کوردستان تووشی پەتاکە بوون، بووەت پێنج کەس کە یەکێکیان گیانی لەدەستداوە.
  
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەکی ڤایرۆسیی هاوبەشە لەنێوان مرۆڤ و ئاژەڵدا و لە رێگەی گەنەوە بۆ ئاژەڵ بەشێوەیەکی سەرەکی دەگوازرێتەوە. ئاژەڵی ماڵی و کێوی وەک گوێزەرەوەی ڤایرۆسەکە بۆ مرۆڤ دادەنرێن، بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشییە لە عێراقدا نوێ نییە و سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە.
 
نیشانەکانی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە مرۆڤدا بەپێی پسپۆڕانی بوارەکە ئەمانەن: سەرئێشە و ئازاری مل و سک، سووربوونەوەی چاو و سەر شان و سنگ، سکچوون و رشانەوە کە خوێنبەربوونی لەگەڵ دەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە