پسپۆڕێکی نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان: 90%ی گوێزەکانی باڵەکایەتی تووشی نەخۆشی بوون

28-06-2024
ئەندام جەبار
جووتیارێک چەند گوێزێکی نەخۆشکەوتووی بەدەستەوەیە کە رەش داگەڕاون. وێنە: رووداو
جووتیارێک چەند گوێزێکی نەخۆشکەوتووی بەدەستەوەیە کە رەش داگەڕاون. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - باڵەکایەتی

نەخۆشی لە دارگوێزەکانی دەڤەری باڵەکایەتیی داوە و بەشێک لە باخەکانی گوێز هیچ دارگوێزێکی تێدا نابینیت تووشی نەخۆشی نەبووبێت، بە شێوەیەک کە گوێزەکان خاڵی رەشیان لەسەر دروستبووە و توێکڵەکانیان گەنیوە.
 
ئەیوب رەشدوری، خاوەن باخی گوێز دەڵێت، "سەرەتا ئەو گوێزە یەک خاڵی رەشی دەکەوێتەسەر، وردە وردە ئەگەر هاتوو ئەو خاڵە رەشە کۆنترۆڵ کرا، ئەوە رێگریمان کرد؛ ئەگەرنا، بەو شێوەیە زیاد دەبێت تاوەکو بە تەواوی گوێزەکە رەش دەبێت و دواتر گوێزەکە هەڵدەوەرێت."
 
ساڵی رابردووش ئەو نەخۆشییە لە بەشێک لە دارگوێزەکانی سنوورەکەی داوە؛ بەڵام ئەم ساڵ رووبەری فراوانتری باخی گوێزی داگرتووە.
 
نەخۆشییەکە هەر لەسەر دارگوێز نامێنێتەوە و دەگوازرێتەوە بۆسەر داری دیکەی نزیک گوێزەکانیش، ئەوانیش بە هەمان شێوە گەڵاکانیان دەوەرێت و بەرەکانیان گەنیو دەبێت.
 
دکتۆر مەجید حوسێن، پسپۆڕی نەخۆشییە کشتوکاڵییەکان دەڵێت، "بەهۆی هەبوونی بازرگانیی کراوە و هێنانی دار لە وڵاتانی دیکەوە، ئەو نەخۆشیەش گەیشتووەتە سنوورەکەمان، لەڕووی زانستییەوە پێی دەگوترێت (ئەنثراکنۆس). دەتوانم بڵێم، 90%ی دارەکانمان تووشی ئەو نەخۆشییە بوون، وەزارەت دەبێت چارەسەری بکات و دەرمانی پێوسیت و دژە کەڕوو دابین بکات بۆ جووتیارانمان."
 
دارەکان خۆماڵی بن یاخود هاوردە، کەڕووەکە لێی داون. لەو شوێنانەی رادەی شێ تێیاندا بەرزە، نەخۆشییەکە کاریگەریی زیاتر بووە؛ زیاتر لە 100 باخی ئەو سنوورە نەخۆشییەکەیان پێ گەیشتووە.
 
دڵشاد حوسێن، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی چۆمان دەڵێت، "پێویستمان بە فڕۆکەی دەرمان رشێنە، ئەوەش لێرە بەدەست ناکەوێت، بە رێگەی دەست کارێکی زەحمەتە رشاندنی ئەو دارگوێزانە، وەزارەت ئاگاداری ئەم بابەتەیە و خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتێکین بۆ رووپێویکردنی ئەو گوێزانەی لەم سنوورە هەن، تاوەکو بتوانین زانیاری و داتای وردتر وەربگرین و بیدەین بە سەرووی خۆمان."
 
بەگوێرەی ئاماری کشتوکاڵی چۆمان، لە باڵەکایەتی نزیکەی 300 باخی گوێز هەن؛ تاوەکو چوار ساڵ پێش ئێستا بەرهەمی گوێز لەو سنوورە ساڵانە 70 تۆن بوو، پێشبینی دەکرێت لە ئەم ساڵدا بەرهەمەکە کەمتر ببێتەوە لە 10 تۆن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە