پۆستێکی کورد لە کەرکووک 'بە کاتی' دەدرێتە عەرەب


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیس کەرکووک کە پشکى کوردە کاروبارەکانى رادەستى یاریدەدەرەکەى کرد کە عەرەبێکی سوننەیە، لە رێگەى وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە داوا لە سەرۆکوەزیران کراوە ساڵێک خزمەت بۆ ئەو ئەفسەرە کوردە لەو پۆستەدا درێژ بکرێتەوە.
 
ئەو ئاڵوگۆڕە رۆژی پێنجشەممە، 27ـی حوزەیران کراوە، لیوا کاوە غەریب، بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیسی کەرکووک کە لە پشکى کوردە، کاروبارەکانى بەڕێوەبردنى پۆستەکەى رادەستى عەمید فەتاح خەفاجى کرد، کە یاریدەدەریەتی.
 
عامر شوانى، گوتەبێژى پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "بەهۆى ئەوەى کە لیوا کاوە غەریب لە یەکى تەممووز خانەنشین دەبێت، بۆیە بەشێوەیەکی کاتى ئەو هەنگاوە نراوە."
 
لە 15ـی نیسانى 2021ـەوە لیوا کاوە غەریب پۆستى بەڕێوەبەرى گشتیی پۆلیسی کەرکووکى وەرگرتووە، لەسەر پشکى یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان. 
 
عامر شوانى گوتی، "لە رێگەى وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە داواکارییەک بۆ سەرۆکوەزیران بەرزکراوەتەوە بۆ ئەوەى بۆ ماوەى ساڵێک ئەرکى لیوا کاوە غەریب درێژ بکرێتەوە، ئەگەر ئەو داواکارییەش پەسند نەکرێت، سێ ئەفسەرى دیکەى کورد بۆ ئەو پۆستە بەربژێر دەکرێن و وەزیرى ناوخۆى عێراق یەکێکیان دەستنیشان دەکات."