لە دهۆک تەنیا حەوت ئاژەڵ لە سەربڕخانە سەربڕدراون

رووداو دیجیتاڵ

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتێرنەری دهۆک دەڵێت، هاونیشتمانییان ئاژەڵی قوربانی نابەنە سەربڕخانە بۆ سەربڕین و ئەمڕۆ لە سەربڕخانەکەدا تەنیا حەوت سەرئاژەڵ سەربڕدراون.
 
سەرەڕای هۆشداریی یەکە ئیدارییەکان بۆ هاونیشتمانیان کە ئاژەڵی قوربانی لە ماڵەکانیان سەر نەبڕن، بەڵام لە دهۆک گوێ بە هۆشدارییەکان نەدرا و بە دەگمەن خەڵک ئاژەڵەکانیان بردنە سەربڕخانە. 
 
ئەمڕۆ 28ـی حوزەیران کە هاوکاتە بە یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، تاوەکو دوای نیوەڕۆ تەنیا چوار گوێرەکە و سێ کاوڕ لە سەربڕخانەی دهۆک سەربڕدراون.
 
د. محەممەد ئەکرەم، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی ڤێتێرنەری دهۆک لە سەربڕخانەی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، بۆ سەربڕینی ئاژەڵی قوربانی، رێنوێنییەکان جێبەجێ نەکراون، لەبارەی هۆکارەکەیەوە گوتی، "خەڵک دەڵێن، دەبێت بە بەرچاوی خۆم و لەبەر دەرگای خۆم ئاژەڵەکە سەری ببڕدرێت، لەکاتێکدا دەبووایە بهێندرێتە سەربڕخانە، کە پاک و خاوێنە و لەژێر چاودێریی ئێمەدا سەری ببڕێت، ئێمە بۆ خزمەتی ئەوان بەم جەژنە لێرەین".
 
ئەو پزیشکە ئاماژەی بەوەشکرد، سەربڕینی ئاژەڵ لە کۆڵان و ماڵەکان مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، هاوکات هەبوونی خوێنەکەی لەنێو جۆگەی گەڕەکەکاندا، مەترسییە بۆ گواستنەوەی نەخۆشی بۆ مرۆڤ و ئاژەڵی دیکە.
 
لە هەرێمی کوردستان 28 سەربڕخانە هەن، بە تێكڕا تێیاندا رۆژانە 3 هەزار و 700 ئاژەڵ سەردەبڕدرێن، کە 55%ـی ئاژەڵەکان هاوردە کراون.