چەند بڕیارێک لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە دوای کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین

28-06-2022
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان دوای کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بۆ ماوەی سێ رۆژ سەرجەم چالاکییە زانستییەکان، مەراسیم، بۆنە و ئاهەنگەکانی دەرچوون رادەگرێت.
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستیى هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ سێشەممە 28-06-2022، دوای کوژرانی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەلاحەدین بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، بڕیاریانداوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ئاڵای وەزارەتەکەیان و زانکۆکان و دامەزراوەکانى سەر بە وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى بۆ ماوەى سێ رۆژ دابگرن. هەروەها سەرجەم چالاکییە زانستییەکان، مەراسیم، بۆنە و ئاهەنگەکانی دەرچوون بۆ ماوەی سێ رۆژ رادەگیرێت.
 
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 28-06-2022، خوێندکارێکی زانکۆی سۆران "بەهۆی ئەوەی لە زانکۆکەی خۆی فەسڵ کراوە و لە زانکۆی سەلاحەدینیش وەرنەگیراوە،" چووەتە زانکۆی سەلاحەدین و لەوێ هێرشیکردووەتە سەر د. کاوان ئیسماعی، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆکە و پاسەوانێک، هەردووکیان برینداربوون و دواتر راگری کۆلێژی یاسا گیانی لەدەستدا. 
 
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە. 
 
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان دوای ئەم رووداوە، ئەو دوو بڕیارەی داوە و، سەرجەم زانکۆ و دامەزراوە زانستییەکانى سەر بە وەزارەتەکەی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە راسپاردووە.
 
چەند زانیارییەک لەبارەی رووداوەکە و ئەو کەسەی مامۆستاکانی کوشتووە
 
تۆمەتبارەکە خوێندکارێکی زانکۆی سۆران بووە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، "کێشەیەکی هەبووە و فەسڵ کراوە و لێرەش [لە زانکۆی سەلاحەدین] وەرنەگیراوە؛ هەربۆیە جگە لەم دوو مامۆستایە، هەڕەشەی لە کۆمەڵێک مامۆستا کردووە، لادەرێکە لە یاسا و دەکەوێتە بەردەمی یاسا."
 
هاوڕێیەکی زانکۆی تۆمەتبارەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی راگەیاند، تۆمەتبارەکە ناوی "ئ. م. ق"ە و دانیشتووی ناحیەی بەحرکەی سەر بە پارێزگای هەولێرە، پێشتر دەستگیرکراوە، بەڵام ماوەیەکە بە کەفالەت ئازادکراوە.
 
محەممەد فەقێ عەبابەکر، پارێزەر لە دادگەی سۆران بە رووداوی راگەیاند، ئەو تۆمەتبارە چەند مانگێک بەر لە ئێستا لە دادگەی سۆران دادگایی کراوە، بەڵام "لەبەردەم دادوەردا بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنی لە چەندین مامۆستای زانکۆ کردووە، لەنێویاندا مامۆستا نیشتمان، هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان."
 
د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین بەیانیی ئەمڕۆ لە زانکۆکە هێرش کرایەسەری و بریندار کرا، دوای بریندارکردنیشی، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
 
دوای هێرشکردنە سەر راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدین، تۆمەتبارەکە هێرشی کردووەتە سەر ماڵی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و ئەویشی کوشتووە. لەبارەی دەنگۆی رفاندنی د. ئیدریس عیززەت حەمەخانەوە پارێزگاری هەولێر گوتی، "نەڕفێندراوە و هەڵیکوتاوەتە سەری و کوشتوویەتی."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەرنامەی بەرپرسیار تایبەت بە ژیانی ئەو خێزانە

لە سنووری دهۆک چوار خوشک و برا دەست و قاچیان لە جوڵە کەوتووە و پێویستییان بە هاوکارییە

دوو خوشک و دوو برا لە کەمپی دۆمیز جووڵەی دەست و قاچیان نییە و لە دۆخێکی سەختدا دەژین. بە گوتەی پزیشکێک، چارەسەریان لە سەنتەرێکی پێشکەوتوو لە ئەورووپا دەکرێ، بەڵام تێچووی چارەسەرەکە لە توانای ئەو خێزانە پەنابەرە بەدەرە.