کۆچبەرێک: شەش جار لەنێوان قاچاخچییەکاندا فرۆشرام


رووداو دیجیتاڵ

لە هەمان کاتی تووندکردنی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی پەنابەریی نایاسایی لە تورکیا و زیادبوونی دەستگیرکردن و گەڕاندنەوەیان بۆ وڵاتەکانیان، قاچاخچییەکانیش بە رێگەی جۆراوجۆر لەسەر دەستخستنی قازانج بەردەوامن. ئەوەی گەرمبووە کڕین و فرۆشتنی کۆچبەرەکانە بە پاساوی گەیاندنیان بە ئەوروپا. کۆچبەرێک دەڵێت، "شەش جار لەنێوان قاچاخچییەکاندا فرۆشراوم، جارێکیان بە 10 هەزار دۆلار." 
 
فیدارسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقیش داوا لە کۆچبەرەکان دەکات ترسیان لە سکاڵاکردن نەبێت و قاچاخچییەکان بۆ قازانجی خۆیان خەڵکی بە چەندین درۆ دەترسێنن و دەڵێت: "قاچاخچییەک لە هەرێمی کوردستانەوە خێزانێکی لە تورکیا دەستبەسەر کردووە و داوای پارە لە کەسوکاری دەکات ئەگەرنا بێسەروشوێنیان دەکات."
 
بەرنامەی رێیا سۆر کە کاوار ساڵح لە رادیۆی رووداو پێشکێشی دەکات، لەسەر پرسی کڕین و فرۆشتنی کۆچبەران لە لایەن قاچاخچییەکانەوە و دەستگیرکردن و دیپۆرتکردنەوەیان بوو.
 
رەزوان جەبار، گەنجێکی شاری رانیەی هەرێمی کوردستانە و ئاماژە بەوە دەکات، قاچاخچییەکان فێڵیان لێکردووە و شەش جار فرۆشتوویانە و ئەگەر رێگەی یاسایی نەبێت هەوڵی چوونە دەرەوەی وڵات ناداتەوە.
 
رەزوان جەبار دەڵێت: "قاچاخچییەک کە هەر زۆر زۆر ناسیاوی خۆمان بوو، پێی گوتم: دەتوانم بە کەشتیی گەشتیاری بە فەرمی بتبەم بۆ ئیتاڵیا. منیش هەموو شتەکانم پێیدا و، ئەویش هەر سەرقاڵی دەکردم و دواتر گوتی: ئەو رێگەیە سەر ناگرێت و بە پاس دەتگەیێنێم. ئەمەیشی راست نەبوو، رۆژێک چووم شەش دەستم پێکرا، واتا شەش جار فرۆشرام. مانگی سەرەتا لەو ئیستەنبووڵە تەنیا دەستاودەستی پێکردووم. جارێک دەیگوت یەختی ڤی ئای پی هەیە و دەمێک دەیگوت کەشتیی گەشتیاریی هەیە و پاسی گەشتیاریی هەیە. سەرەڕای ئەوە هەر فشە بوو و درۆی کرد لەگەڵم. نەمدیتووە کەسێک پەنابەر بێت بە فەرمی و بە گەشتیاری بچێتە وڵاتێکی دیکە."
 
لەبارەی شێوازی مامەڵە و نرخی کۆچبەرەکانەوە لەنێوان قاچاخچییەکاندا، ئەو کۆچبەرە کە لە 2022/05/28دا لەگەڵ نزیکەی 100 کەس گەڕێندارایەوە هەرێمی کوردستان دەڵێت: "یەکێکیان ناونیشانی شوێنێکی دا بە من و کوڕێکی دیکە. قاوەخانەیەک بوو لەوێ پیاوێکی بادینی چاوەڕێی دەکردین و گوتی کە دەتوانێت بە پاسی گەشتیاری بمانبات، بەڵام پێی گوتم کە ئۆکەیەکەت تەواو نییە و پەلەی لێدەکردم و دەیگوت ئەگەر ئێستا تەواوی نەکەی پاسەکە دەڕوات. پەیوەندییم بە قاچاخچییەکەی خۆم کرد و ئاگادارم کردەوە، بەڵام بە شێوازێکی زۆر ناشرین وەڵامی دامەوە و دواتر تەلەفۆنی لەسەر داخستم. ئەوە بە حساب ناسیاویشمان بوو و زۆریش تێکەڵاو بوو لەگەڵ ماڵمان و باوکم."
 
رەزوان دەڵێت: "کوڕە بادینییەکە هاتە لام و بەناوهێنانی چەند قاچاخچییەک گوتی: خەتای قاچاخچییەکەی خۆتە. پێنچ دەستت کردووە و دواتر گەیشتوویتەتە لای من و من دەستی شەشەمم و بە 10 هەزار دۆلار تۆم کڕیوەتەوە. کە وای پێگوتم هەستێکی زۆر ناخۆش بوو کە من ئەوەندە دەستم پێکراوە. واتا هەر یەکێکیان 1,500 تاوەکو 2000 دۆلاری خواردووە تاوەکو گەیشتمە ئەوە کەسە، لە کاتێکدا من 15 هەزار دۆلارم خەواندبوو، بەڵام ئەو پارەیەم ئازاد نەکرد و نەخورا." 

 

 
 
هیوا خدر، بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا دەڵێت: "بەداخەوە ئەم فرۆشتنی کۆچبەرەی هەیە تەنیا حاڵەت نییە و بووەتە شتێکی باو لەنێو قاچاخچییەکاندا. هۆکاری زیادبوونی ئەوەیە کە قاچاخچییش بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەکی یاسایی بۆی دەردەچن."
 
هیوا خدر دەڵێت: "دەکەوێتە سەر خودی پەنابەران کاتێک مامەڵەیەکی ئاوا نایاسایی و نامرۆڤانەیان لەگەڵ دەکرێت، پێویستە ئەوان ئەو رێکخراوانەی داکۆکی لە مافی پەنابەران دەکەن یان فیدارسیۆنی ئێمە بێت ئاگادار بکەنەوە و سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن. بێگومان ئێمەیش وەکو فیدارسیۆنی سەرانسەریی پەنابەرانی عێراقی کە لە هەموو وڵاتان بنکە و بارەگا و نوێنەرمان هەن، بە کاری یاسایی خۆمان هەڵدەستین و هاوکارییان دەکەین تاوەکو مافیان بگەڕێتەوە و ببێت بە رێگری بۆ ئەو کارە ناشرینە."
 
بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا گوتی: "یەکێک لەو کارەساتانە ئەوەیە کە لەم ئاڵۆگوڕەی دەکرێت ئەوەیە هەموویان قاچاخچییش نین، کەسانێک هەن دوو رۆژن، هەفتەیەکە، مانگێکە یان دوو مانگە هاتووە بۆ تورکیا دوو جار لەو رێگەیەی داوە و دەرنەچووە، خۆی کردووە بە قاچاخچی و، چوار کەس 10 کەس دێن بۆ لای و دەڵێن وەرە بمانبە. ئەویش نە هیچ دەزانێت و نە رێگەیش دەزانێت و دەچێت بە یەکێکی دیکە دەیانفرۆشێتەوە. جاری واهەیە دەفرۆشرێن بە سووری بە ئەفغانی و ئەمانەیش بێباکن لە ژیانی ئەو کەسانە، بۆیە زۆر نابەرپرسیارانە دەیانخەنە نێو دەریاکانەوە و رووبەڕووی مەرگیان دەکەنەوە."
 
هیوا خدر ئاماژە بەوە دەکات، لە کاتی تووندبوونی رێکارەکانی رووبەڕووبوونەوەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، قاچاخچییەکان بۆ قازانجی خۆیان هەر رێگەیەک شک ببەن دەیگرنە بەر و دەڵێت: "خێزانێکی پەنابەر دایک و باوکێک و دوو منداڵ کاتێک دێن بۆ تورکیا و لە شاری ئیستەنبووڵ دەبن لەلایەن چەند کەسێکەوە بەڵێنی ئەوەیان پێدەدرێت کە لەماوەی یەک مانگدا ئەوان دەگەینێتە ئەڵمانیا و 40 هەزار دۆلاریشی داوا کردبوو. 16 هەزار و 500 دۆلاری پێشەکی لێی وەرگرتبوون."
 
هیوا خدر لەو بارەیەوە زیاتر گوتی: "بەڵام ئەو کات بەهۆی کۆرۆنا و گرتنی سنوورەکان لەلایەن یۆنانەوە ئەو قاچاخچییە نەک لە مانگێکدا، بەڵکو دوای چوار مانگیش هەر نەیتوانی ئەو خێزانە ببات و قاچاخچییەکانیش ئەو پارەیەیان خواردبوو. رێگەشی نەدەدا ئەو خێزانە لەژێر دەستی دەربچن بۆ ئەوەی هەر چۆنێک بێت بڕە پارەیەکی دیکەشیان لێ بخوات."
 
بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا گوتی: "خێزانەکەیش داوایان دەکرد ئازاد بکرێن تاوەکو بگەڕێنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام قاچاخچییەکە داوای پێنج تاوەکو 10 هەزار دۆلاری دیکەی لە کەسوکاریان دەکرد کە ئەگەر بۆی نەنێرن، ئەوە ئەو خێزانە بێسەروشوێن دەکات. کاتێک پەیوەندییان پێوە کردم و ئاگاداریان کردمەوە، خۆشبەختانە توانیم لە ماوەی دوو رۆژدا ئەو خێزانە لە چنگی ئەو قاچاخچییە رزگار بکەم، لە کاتێکدا ئەو قاچاخچییە لە تورکیایش نەبوو، بەڵکو لە هەرێمی کوردستان بوو و لە رێگەی تەلەفۆنەوە چەند کەسێک کاریان بۆ دەکرد، بەڵام بە داخەوە دوای ئازادکردنیان کاتێک داوام لێییان کرد سکاڵا لە دژی ئەو قاچاخچییە تۆمار بکەن، نەیانکرد."  
 
لەبارەی هۆکاری تۆمارنەکردنی سکاڵا لەلایەن هەندێک پەنابەرەوە لەسەر قاچاخچییەکان، هیوا خدر دەڵێت: "زۆر جار باسی ناکەن، بەڵام ئەوەی ئێمە هەستمان پێکردووە نایانەوێت دوای کێشە بکەون. ئەم قاچاخچییانە وا خۆیان دەناسێنن کە حساب بۆ یاسا ناکەن، کەسێکن کە خەڵکیان هەیە، تووندڕەون و دەسەڵاتێکیان هەیە و دەتوانن هەر کاتێک بیانەوێت زیان بەو کەسە بگەیێنن ئەگەر بێت و رووبەڕووی ببێتەوە. بەو شێوەیە پەنابەران دەترسێنن." 
 
هیوا خدر دەڵێت: "دەیان کەیسم لایە ئەمەی بەسەر هاتووە. ئافرەت هەبووە بەهۆی باردوخێکی کۆمەڵایتیەوە ژیانی کەوتووەتە مەترسییەوە ویستویەتی بڕوات، چەند هەزار دۆلارێکی پێبووە، هاتووە قاچاخچی لێرە لە شوقەیەکدا دەستبەسەری کردووە و پێی گوتووە ئەگەر بڕۆیت، پۆلیس دەستبەسەرت دەکات. بە فێڵ هەموو پارەکەی راکێشاوە و داوتر بەرەڵای کردووە. ئینجا پێی گوتەوە ئەگەر سکاڵا بکەیت، پۆلیس دەستگیرت دەکات و دیپۆرتت دەکاتەوە، چونکە هەموو پۆلیس دەناسم و لەگەڵ مندان."
 
بەرپرسی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی لە تورکیا گوتی: "ئەو قسانە هیچیشیان راست نین، بەڵام بە داخەوە خەڵکێک هەن کەم زانیارییان هەیە، شارەزاییان نییە، داماون و، بەو قسانە دەترسن کە دوای مافی خۆیان بکەون. من لێرەوە داوا دەکەم سکاڵا تۆمار بکەن و دەتوانن مافی خۆیان وەربگرن و رێگری لە قاچاخچییەکان بکەن. ئەو کاتە ئەوانیش ناتوانن کاری نەشیاو بەرامبەر بە پەنابەران بکەن و پەنابەران بفرۆشنەوە. لێرە لە تورکیا یاسا لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و ساڵانە بە هەزاران قاچاخچی دەستگیر دەکرێن و زیندانی دەکرێن و سزای ماددی دەدرێن."