رووداو دیجیتاڵ
سێ چالاکڤانی ژینگەپارێز کە یەکێکیان موختار خەندانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی رێکخراوی ژیوای پاوە بوو، ئێوارەی رۆژی یەکشەممە 28ی حوزەیران لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگر لە ناوچەی مەڕەخێڵ لە پاوە گیانیان لەدەستدا.
پەرەستو خدری، چالاکڤانی ژینگەپارێز لە شاری پاوەی رۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە) تیمێکی رێکخراوەکە، کە چوار کەس بوون، لەگەڵ کۆمەڵێک ژینگەپارێزی دیکە بەمەبەستی کوژاندنەوەی ئاگری ناوچەی مەڕەخێل و کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکان چوونە ئەوێ.
پەرەستو خدری راشیگەیاند، هەریەک لە موختار خەندانی، بیلال ئەمینی و یاسین کەریمی بەهۆی سەختیی برینەکانیان گیانیان لەدەستداوە؛ هەروەها دوو کەسی دیکە بە ناوەکانی جەمیل عەبدی تەمەن 36 ساڵ، خەڵکی سەلاسی باوەجان و عارف خودادادی 48 ساڵ کە خەڵکی جوانڕۆ بووە، برینداربوون.
چەند رۆژێکە ئاگر لە دارستانەکانی ناوچەی پاوە و جوانڕۆ کەوتووەتەوە. بە گوتەی قایمقامی پاوە، تەنیا لە ناوچەی بوزین و مەڕەخێڵ 500 هێکتار دارستان سووتاوە؛ هەروەها لە دارستانەکانی سەردەرەی پاوە و درۆڵەی جوانڕۆ دەیان هێکتار دارستان سووتاون و ئاگری درۆڵەی جوانڕۆ هێشتا کۆنترۆڵ نەکراوە.
دامودەزگا پەیوەندیدارەکان پێداویستییەکی ئەوتۆیان بۆ کۆنترۆڵی ئاگرەکە تەرخان نەکردووە و تەنیا چالاکڤانی ژینگەپارێز بە شێوەی خۆبەخشانە رووبەڕووی ئەو ئاگرە دەوەستنەوە.
ڤیدیۆی سووتانی یەکێک لە دارستانەکانی شارۆچکەی نەوسوود لە پارێزگای کرماشان، کەسێک ڤیدیۆکەی بۆ رووداو ناردووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ