پارەی کارەبای نیشتمانیی 180 ماڵی گەڕەکێکی کەسنەزان دیارنەماوە

28-06-2020
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
یەکێک لەو هاونیشتمانیانەی گەڕەکەکەی کەسنەزان کە پارەی کارەبای داوە و دیارنەماوە
یەکێک لەو هاونیشتمانیانەی گەڕەکەکەی کەسنەزان کە پارەی کارەبای داوە و دیارنەماوە
نیشانەکردن کەسنەزان پارەی کارەبا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پارەی کارەبای نیشتمانیی 180 ماڵی گەڕەکی خۆڕاگر لە کەسنەزان دیارنەماوە، دانیشتووانی ئەو گەڕەکە پارەی مانگی 1 و 2ی ئەمساڵیان داوەتە ژمێریاری فەرمانگەی کارەبای سنوورەکەیان، بەڵام دەرکەوتووە ئەو پارەیەی پێشتر لێیان وەرگیراوە فەرمانبەرەکە رادەستی حکومەتی نەکردووە، ئێستا هاوبەشانی کارەبا لەسەر مافی خۆیان قەرزداریش بوونەتەوە.
 
ئەو پارەیەی لە هاوبەشانی کارەبا وەرگیراوە چوار ملیۆن و 80 هەزار دینار بووە، ئێستا دانیشتووانی ئەو گەڕەکە نازانن چۆن پارەکەیان وەربگرنەوە.
 
کۆکردنەوەی پارەی کارەبای نیشتمانیی هەزار و 300 ماڵ لە سنووری ناحیەی کەسنەزان لە ئەستۆی فارس برادۆستی-ی ژمێریار بووە، کە لەسەر کەمتەرخەمی و نەگەڕاندنەوەی پارەکە بۆ فەرمانگەی کارەبای کەسنەزان لە کاری ژمێریاری دوورخراوەتەوە؛ ئەو دەڵێ، بەهۆی نەخۆشکەوتنیەوە نەیتوانیوە پارەکە رادەستی فەرمانگەی کارەبا بکات.
 
رۆژانە 4 بۆ 5 هاونیشتمانی بۆ وەرگرتنەوەی پارەکانیان پەنا بۆ فەرمانگەی کارەبای کەسنەزان دەبەن. لیژنەیەکی سێ کەسییش بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە پێکهێندراوە، بەڵام فەرمانبەری کارەبای کەسنەزان رەخنە لە هاوپیشەکانی دەگرێت کە ئەوانیش بەشێکن لە دروستبوونی کێشەکە، چونکە ئەوکاتەی پسوڵەکانی کارەبای بردووەتەوە لێیان وەرنەگرتووە و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە پارەکە نەچێتە سەر حسابی وەزارەتی کارەبا.
 
فارس برادۆستی باس لەوە دەکات، پارەکانی گەڕاندووەتەوە بۆ خەڵک و پسووڵەی کارەبای لێیان وەرگرتووەتەوە؛ تەحسین تۆفیق، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کارەبای کەسنەزان دەڵێ، ئەو پارەیەی ژمێریار وەریدەگرێت و مۆری پسووڵەکان دەکات، دەبێت بیگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنە و لە کۆمپیوتەر تۆماربکرێت، ئەگەر تۆمارنەکرێت ژمێریار بەرپرسیارە لە گەڕاندنەوەی پارەکە.
 
لە کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ لیژنەی لێکۆڵینەوە لەسەر دۆسیەی دیارنەمانی پارەی کارەبا دەستبەکاربووە، بەڵام هێشتا پرۆسەی لێکۆڵینەوە و گەڕاندنەوەی پارەی هاوبەشانی کارەبا کۆتایی نەهاتووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە