جەبار یاوەر: گومانم لە راگەیێندراوەکانی عێراق لەبارەی بۆردوومانەکانەوە هەیە

28-06-2020
گۆڤەند مستەفا
جەبار یاوەر: چۆن فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا 120 کیلۆمەتر ئاسمانی عێراق دەبڕێت و دەچێت کونەماسی بۆردوومان دەکات؟
جەبار یاوەر: چۆن فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا 120 کیلۆمەتر ئاسمانی عێراق دەبڕێت و دەچێت کونەماسی بۆردوومان دەکات؟
نیشانەکردن تورکیا عێراق هەرێمی کوردستان بۆردوومان
A+ A-
 
 
رووداو - هەولێر

ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، چۆن فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا بەبێ رەزامەندیی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق نزیکەی 120 کیلۆمەتر ئاسمانی عێراق دەبڕێت و دەچێت کونەماسی لە سلێمانی بۆردوومان دەکات؟ بۆیە گومان لەو راگەیێندراوانەی حکومەتی فیدراڵ دەکەم کە لەبارەی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی تورکیا و ئێرانەوە دەریاندەکات.
 
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لەکاتی بەشداریکردنی لە هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بۆچوونیانی لەسەر بۆردوومان و تۆپبارانە بەردەوامەکانی سوپای تورکیا و ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی باشووری کوردستان خستەڕوو.
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، "حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران رای لەو بارەیەوە دەربڕیوە کە تێیدا هەم داوای وەستاندنی ئەو تۆپباران و بۆردوومانانە دەکات و هەم داوایشدەکات بیانوو نەدرێتە دەست دەوڵەتی تورکیا و ئێران. پەرلەمانی کوردستانیش ئیدانەی ئەو تۆپباران و بۆردوومانانەی کردووە".
 
بە گوتەی جەبار یاوەر، لە ماوەی تەنیا یەک مانگی رابردوودا نزیکەی 100 گوند لە سنووری زاخۆ و ئامێدی بەهۆی ئەو بۆردوومانانەوە بە تەواوەتی چۆڵکراون، پێشتریش نزیکەی 450 گوند لەسەرتاسەری ناوچە سنوورییەکان چۆڵکراون و بە دەیان هاووڵاتیی سڤیلیش شەهیدبوون و رەز و باخی خەڵک سووتاون و مەڕوماڵاتی خەڵک کوژراون. 
 
جەباریاوەر ئاماژە بەوە دەدات کە بەهۆی بۆردوومانەکانەوە نائارامییەکی زۆر لەسەر سنوور دروستبووە، بۆیە بەرژەوەندیی هەموو لایەک ئەوەیە سنوورەکان ئارام بن.
 
لەبارەی هەڵوێستی عێراق لەسەر بۆردوومانکردن و تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، "لە رووی دەستووری و یاساییەوە ئەرکی پاراستنی سنوور و ئاسمانی هەموو عێراق کە هەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو دەوڵەتە لە ئەستۆی حکومەتی عێراقی فیدراڵە کە زۆر جار حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمەتبار دەکرێت یان زۆر جار بە ناهەق هێزی پێشمەرگە تۆمەتبار دەکرێت".
 
جەبار یاوەر سەرسوڕمانی خۆی لە بەزاندنی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکەکانی توکیاوە نیشاندەدات و دەپرسێت، "چۆن فڕۆکەیەکی جەنگیی تورکیا نزیکەی 120 کیلۆمەتر ئاسمانی عێراق دەبڕێت و دەچێت کونەماسی لە سلێمانی بۆردوومان دەکات؟ لە کاتێکدا دەسەڵاتی فڕینی هەر فڕۆکەیەک بەسەر ئاسمانی عێراقدا دەبێت لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراقەوە رێگەی پێبدرێت. بۆیە بە گومانم لەو راگەیێندراوانەیە کە لە عێراق بە شێوەیەکی گشتی لەوبارەیەوە دەردەکرێن".
 
یاوەر ئاشکرای کرد، پرسی بۆردوومانی سنوور لە 2007ـەوە بەردەوامە تاوەکو ئێستا، واتە 13 ساڵە، بە بەردەوامی سنوور و ئاسمانی عێراق دەبەزێنرێت، تەنیا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو 30ی ئایار 137 جار بۆردوومان و تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن تورکیا و ئێران کراوە کە 135 جاریان هی تورکیا بووە و دوو جاریش هی ئێران بووە، ئەوەی تورکیا 85 جار لە ئاسمانەوە بووە، 50 جار لە رێگەی تۆپهاوێژەکانەوە بووە.
 
ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆچوونی وایە، "حکومەتی فیدراڵی ئەگەر بیەوێت بە راگەیێندراوێک کۆتایی بەو مەینەتیە بهێنێت، بەمە تەواو نابێت. دەبێت حکومەتی عێراق جیددیتر لەگەڵ تورکیا و ئێران بێتە پێش بۆ ئەوەی گفتوگۆ بکەن چۆن بتوانن ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن".
 
هەر لەبارەی ئەو گومانانەی لەسەر ئەو هێرشانە هەیەتی، جەبار یاوەر نموونە بە دوایین لێدوانی وەزیری نەوتی عێراق دەهێنێتەوە و باس لەوە دەکات، "وەزیری نەوتی عێراق دەڵێت، دەبێت هەموو کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی ماددەی 111 و 112ی دەستوور لەژێر دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی عێراقدا بێت. ئەی باشە بۆچی بۆ بیرە نەوتەکان ماددە دەستوورییەکان بەکار دەهێنێت؟ بۆچی بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی عێراق و ئاسمانی عێراق کە لە ماددەی 109 و 110ی دەستووردا هاتووە بەدەنگ نایەت؟"
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە