تام و رەنگ و بۆنی ئاوی دەربەندیخان دەگۆڕدرێت

رووداو - دەربەندیخان

تام و رەنگ و بۆنی ئاوی دەربەندیخان گۆڕاوە، ئەمەش نیگەرانی لای خەڵکی دەڤەرەکە دروستکردووە، بەگوتەی بەڕێوەبەری ئاوی دەڤەرەکەش هۆکارەکەی بۆ کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان دەگەڕێنێتەوە و دەشڵێت، بەردەوامبوونی ئەو دۆخە رووبەڕووی مەترسییەکی گەورەمان دەکاتەوە.


هەڵۆ محەممەد، پەیامنێری رووداو لە دەربەندیخان رایگەیاند، لە ماوەی 8 ساڵی رابردووشدا لە کابیینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کێشەی ئاوی دەربەندیخان چارەسەر نەکراوە، لە دواهەمین هەوڵەکانیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی دەربەندیخان کۆمپانیایەکی تورکی کاری لە پرۆژەکە دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی نیوەی ئەو پارەیەی لە پرۆژەکان خەرجی کردبوو، پێی نەدرایەوە بۆیە ماوەی ساڵێک دەبێت کارەکانی راگرتووە.

ئەکبەر مەحموود، بەڕێوەبەری ئاوی دەربەندیخان، لەبارەی کۆتاییهاتنی کێشەی ئاوی دەربەندیخان، لە لێدوانێکدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە تەواوبوونی پرۆژەی فلتەری ئاوی دەربەندیخان، کە پرۆژەیەکی نوێیە بۆ ئاوی دەربەندیخان، کێشەی کەمئاوی و کوالێتی ئاوی دەربەندیخان بەکۆتا دێت".

بەگوتەی ئەکبەر مەحموود، هۆکاری گۆڕانی تام و رەنگی ئاوەکەش بۆ "کەمبوونەوەی ئاستی ئاو" دەگەڕێنێتەوە و دەڵێ: " کەمبوونەوەی ئاستی ئاوە لە بەنداوی دەربەندیخان، چونکە رێژەیەکی زۆر بەردەداتەوە بەهۆی ئەو مەترسییەی لەسەر بەنداوەکە هەیە، ساڵانە لە مانگی 11 بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوەکە ئەو کێشەیەمان بۆ دروست دەبوو، بەڵام ئەمساڵ لە مانگی 7ـەوە رووبەڕووی کێشەی گۆڕینی تام و رەنگی ئاوەکە بووینەتەوە، ئەمەش وادەکات تاوەکو مانگی 11 رووبەڕووی مەترسییەکی گەورە ببینەوە".

دەربەندیخان لە سەردەمی بەرەی کوردستانییەوە تاوەکو ئێستا کێشەی ئاوی خواردنەوەی هەیە، کاتێک عومەر فەتاح بوو بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵێنی ئەوەی بە خەڵکی دەڤەرەکەدا کە ئاوی دەربەندیخان چاک بکات و لەوکاتیشدا ئەو کێشەیە درایە کۆمپانیایەکی بەریتانی و بڕیاری کۆمەڵێک پرۆژەی بۆ درا، بەڵام پرۆژەکان نەچوونە بواری جێبەجێکردنەوە.


داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن