سالار مەحموود: بەرهەم ساڵح حیزب دروست ناکات

28-06-2017
دەرباز ساڵح
تەواوی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بە بەشداری سالار مەحموود
تەواوی بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بە بەشداری سالار مەحموود
نیشانەکردن سالار مەحموود،بەرهەم ساڵح
A+ A-

رووداو - هەولێر

کەسێکی نزیک لە بەرهەم ساڵح رایدەگەیێنێ، ناوبراو بەنیازی دروستکردنی هیچ حیزب و لیستێک نییە، بەڵکو لەگەڵ پێکهێنانی بەرەیەکی نیشتمانی دوور لە مۆدێلی کۆنی حیزبایەتییە. دەشڵێت: یەکێک لە سەرکردە نیشتمانییەکانە و دەکرێت متمانەی زیاتری بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێبکرێت نەک تەنها لیستێک دروست بکات.

چەند رۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە کە د. بەرهەم ساڵح، جێگری سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرقاڵی دروستکردنی لیستێکی نوێیە بۆ هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق. یەکێک لەو کەسانەی ناویشی لەنێو لیستەکەدا هاتووە سالار مەحموود، پەرلەمانتاری یەکێتییە لە پەرلەمانی کوردستان و، دەگوترێت لە گەرمیان سەرۆکی لیستەکە دەبێت.

سالار مەحموود کە سەرکردەیەکی ناوەندی بڕیار بوو بەسەرۆکایەتی بەرهەم ساڵح و کۆسرەت رەسوڵ، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆی رادیۆ و تەلەڤزیۆنی رووداو رایگەیاند: بەرهەم ساڵح حیزبێک دروست ناکات، هەموو تەمەنی سیاسی خۆی لەنێو یەکێتی بەبێ پچڕان و ترازان بەسەربردووە، گەیشتووەتە پلەی جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی، متمانەی مام جەلال و کۆنگرەی بەدەستهێناوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەرهەم ساڵح یەکێکە لە سەرکردە نیشتمانییەکان و بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیشی سەلماندووە کە پیاوێکی دەوڵەتمەدارە، دەکرێت بۆ ئێستا و ئاییندەی کوردستان متمانەی زیاتری بۆ بەڕێوەبردنی وڵات پێبکرێت، نەک تەنها لیستێک بۆ لایەنێک یان لەنێو لایەنێکدا بۆ بەشێک دروست بکات.

بەبۆچوونی سالار مەحموود، لەدوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا وەک دوو کاریزما و دوو رێبەری یەکێتی، رۆڵی بەرهەم ساڵح زۆر قورستر و هەستیارتر دەبێت. گوتیشی: "ئەو بڕوای وانییە نە حیزب دروست بکات، نە ئینشیقاق لەنێو یەکێتیدا بکات، 
نە بەوجۆرەی دەگوترێت لیست دروست بکات، بەڵام ئەو تێڕوانینی وایە بەرەیەکی نیشتمانی لەدەرەوەی ئەم جۆرە حیزبایەتییە تەقلیدییە دروستبکرێت".

لەبارەی ئەوەش بەرهەم ساڵح بەپێویستی دەزانێت تایبەتمەندی ئەم بەرە نیشتمانییە چیبێت؟ سالار مەحموود گوتی: "سبەی ئەگەر هەڵبژاردن کرا، پرسە نیشتمانییە چارەنووسسازەکان بکرێنە سەرمەشقی پرسە بایەخپێدراوەکان، لە عوقدەی ناوچەگرێتی، هەولێر و سلێمانی، بادینی و سۆرانی، ئیسلامی و عەلمانی بێینەدەرەوە".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە