لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە ورمێ 3 کەس گیانیان لەدەستدا

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان سێ کەس گیانیان لەدەستدا. لە رووداوێکی دیکەدا لە سەرپێڵ زەهاوی کرماشان، شەش کەس بریندار بوون.
 
رووداوی یەکەم کاژێر 10:00ی شەوی رابردوو لە سەر رێگەی سەرەکیی شارەکانی شۆت-ماکۆ روویدا و لەنێوان چوار ئۆتۆمبێلی تایبەتدا بوو.
 
حەمید مەحبووبی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمەڵەی مانگی سووری پارێزگای ورمێ دەڵێت، لە رووداوەکەدا سێ کەس گیانیان لەدەستدا و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
بە گوتەی حەمید مەحبووبی، بریندارەکان لەلایەن تیمەکانی فریاکەوتنەوە بۆ نەخۆشخانە گوێزرانەوە، تەرمی قوربانیانی رووداوەکەش رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرا.
 
لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لە سنووری شاری سەرپێڵ زەهاوی پارێزگای کرماشان، دوو ئۆتۆمبێلی تایبەت پێکیاندادا.
 
مەسعود قەلعەسفیدی، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی کرماشان رایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو رووداوەدا شەش کەس بریندار بوون.
 
ساڵانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان هەزاران کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و هەزارانی دیکە بریندار دەبن.
 
رۆژی 7ی نیسانی 2024، ئەحمەد شیرانی، بەڕێوەبەری ناوەندی زانیاری و کۆنترۆڵی ترافیکی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رایگەیاند، لە سەرەتای نەورۆزەوە تاوەکو ئەو کاتە 100 هەزار رووداوی هاتووچۆ لەو وڵاتە روویانداوە و لە ئەنجامدا 813 کەس گیانیان لەدەستداوە و 21 هەزار و 441 کەسیش بریندار بوون.