خوێندنی باڵا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی زانکۆ دەنێرێتە ئەنجوومەنی وەزیران
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان لیستی ناوی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی شەش ساڵی خوێندنی رابردوو دەداتە ئەنجوومەنی وەزیران بە مەبەستی رەوانەکردنی ئەو لیستە بۆ بەغدا تاوەکو دابمەزرێن.
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی ئایاری 2024، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لیستی کۆتایی ناوی یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان لە دەرچووانی ساڵانی 2017-2018، 2018-2019، 2019-2020، 2020-2021، 2021-2022، 2022-2023 ئاڕاستەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ ئەوەی رەوانەی بەغدا بکرێن و کار لەسەر دامەزراندنیان بکرێت.
دوێنێ دووشەممە د. ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى کۆبونەوەیەکى تایبەتی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی وەزارەت کرد و هەنگاوە کۆتاییەکانی ئامادەکاری و هاوئاهەنگییان بۆ دامەزراندنى سێ یەکەمەکانى سەر بەشەكان لە دەرچووانی ساڵانی خوێندنى 2017 – 2018 تاوەکو 2022 – 2023 تاوتوێکرد.
بە گوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتەکە، وەزیری خوێندنی باڵا گوتویەتی: "دامەزراندنى سێ یەکەمەکان بە ئەرکى لەپێشینەى خۆمان دەزانین و لە ماوەى رابردوودا هەموو هەوڵێکمان لەو بوارەدا خستووەتەگەر، چونکە ئەوە مافێکى یاسایی و ئاسایی خۆیانە. لەم قۆناخەشدا پێویستە هەموان پێکەوە هاوئاهەنگ و هاوکارى یەکدی بین بۆ ئەوەى مافى هیچ یەکێک لە سێ یەکەمەکان نەفەوتێت".
بە پێی وەزارەتەکە، ساڵانى رابردوو بە هەوڵەکانى وەزارەتەکە سێ یەکەمەکانى ساڵانى (2015-2016) و (2016-2017) دامەزرێندراون.
محەممەد باقی، نوێنەرێکی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکانی پارێزگای سلێمانی و دەوروبەری ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئومێدێکی باشە بۆ دامەزراندن، بەڵام هەوڵەکە 100٪ گەرەنتیکراو نییە. چاوەڕوانی باشی لێدەکەین. ساڵانێکی زۆرە چاوەڕوانی دامەزراندنین".
رۆژی 10ـی ئەم مانگە وەزارەتی خوێندنی باڵا بە نووسراوێک داوای لە زانکۆ حکومییەکانی هەرێمی کوردستان کرد کە لە پێنج رۆژدا لیستی ناوی سێ یەکەمەکانی سەر ئاستی بەش لە کۆلیژ و پەیمانگەکانی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لە دەرچووانی ساڵانی (2017 - 2018) تاوەکو (2022 - 2023) بەپێی خشتەی دیاریکراو بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا بنێرن.
د. توانا نەجەف، بەڕێوەبەری گشتیی کارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستان رۆژی 11ی ئایاری 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان نووسراوی بۆ کردووین بۆ ناوی سێ یەکەمەکان. ئێمە زانیارییەکان نوێ دەکەینەوە و دواتر هەمووی دەنێردرێت بۆ بەغدا".