جووتیارێکی کورد لە تۆڕێکی نێودەوڵەتیدا دەبێتە سێزدەیەمین جووتیاری نموونەیی جیهان

رووداو دیجیتاڵ

جووتیارێکی کورد وەک یەکەم جووتیاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە فەرمی ناوی دەچێتە لیستی جووتیارانی نموونەیی تۆڕی نێودەوڵەتی (Lighthouse Farms)ـی سەر بە زانكۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی، ئەوەش بەهۆی داهێنانەکانی لەبواری کشتوکاڵ، بەتایبەت لە چاندنی 13 جۆر تەماتەدا.
 
شێخ جەمال گرپچنە، جووتیارێکی نموونەییە لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (سێشەممە) بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "زۆر دڵخۆشم؛ هەڵبژاردنم دوای توێژینەوە و لێکۆڵینەوەیەکی چەند ساڵە لە کێڵگە و بەرهەمەکانم دێت. بە هەڵبژاردنم دەبمە یەکەم کورد و یەکەم کەس لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەو تۆڕەی لیستی جووتیارانی نموونەیی."
 
بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی بابەتەکەوە نووسیویەتی "زۆر خۆشحاڵم بە گەیشتنی نامەی فەرمیی ناساندنی جووتیاری نموونەیی، برای بەڕێز شێخ جەمالی گرپچنە لەلایەن زانکۆی نێودەوڵەتی ڤاخنینگ وەک یەکەمین جووتیار و خاوەن کێڵگەی هەڵبژێردراوی پەسندکراو، لە تۆڕی جووتیارانی ئەستێرەی جیهانی لایت هاوس فارمینگ." 
 
بێگەرد تاڵەبانی دەڵێت "لەگەڵ چوونی جووتیاری نموونەیی شێخ جەمالی گرپچنە بۆ نێو تۆڕی جیهانی جووتیارە نموونەییەکان، ناوی کوردستانیش بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کورددا دەچێتە سەر نەخشەی دوانزە وڵاتی پێشکەوتووی بواری کشتوکاڵی کە بە توێژینەوەی گرنگ و ئەکادیمی ناسراون. ناوی کوردستان بە شانازییەوە دەبێته سێزدەیەمین وڵات لەو نەخشەیەدا." 
 
جەمال جەلال حوسێن زۆرجار بە بەرهەمە ناواز و جیاوازەکانی دەبێتە جێگەی سەرنجی میدیا و پسپۆڕانی کشتوکاڵ. ئەو هاونیشتمانییە لە ساڵی 1952 لە گوندی گرپچنەی سەر بە ناحیەی سەنگاو لە قەزای چەمچەماڵی پارێزگای سلێمانی لەدایکبووە و، دەڵێت، زیاتر لە 30 ساڵە لە بواری کشتوکاڵدا خەریکی کار و توێژینەوەیە.
 
جەمال جەلال ئەمڕۆ بە رووداوی گوت "تیمی ئەو زانکۆ هۆڵەندییە سێ ساڵ لەمەوبەر هاتنە لام و ژمارەیەک پرسیاریان لەبارەی بەرهەمەکانم لێکردم و توێژینەوەیان لە کێڵگەکانم کرد. تەماتە کە 13 جۆرم لێ چاندووە لەو بەرهەمانە بوو، کە زانکۆکە بەلایەوە گرنگ بوو؛ بۆیە دوای چەند جارێک سەردانی کێڵگەکە و یەکتر بینین و پرسیارکردن، منیان هەڵبژارد."
 
هەنگاوەکە دوای کارێکی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان و تیمێکی هۆڵەندیی لێکۆڵەر لە تۆڕی نێودەوڵەتی (Lighthouse Farms)ـی سەر بە زانكۆکە هات. 
 
پرۆگرامی تۆڕی نێودەوڵەتی (Lighthouse Farms)ـی زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی بایەخ بە داهێنان، کارە نایابەکان و توێژینەوە کشتوکاڵییەکان دەدات. پڕۆگرامەکە لەلایەن رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM)ـەوە هاوکاری دەکرێت.
 
زانکۆی ڤاخنینگی هۆڵەندی لە ساڵی 1918 دامەزراوە. زانکۆکە بە پسپۆڕییەکانی زانستە کشتوکاڵییەکان و پەرەپێدانی بەردەوام و چارەسەر بۆ ئاڵنگارییەکانی بەرهەمهێنانی خۆراک و هەمەچەشنیی بایۆلۆژی دەناسرێت.