رووداو - بەغدا
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ چارەسەری کێشەی زەوی و زاری کورد لە ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 کۆبووەوە.
بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی بە سەرۆکایەتیی وەزیری داد پێکهێناوە لە نوێنەرانی وەزارەتەکانی داد، ناوخۆ، بەرگری، ئاوەدانکردنەوە، کشتوکاڵ، دارایی و پلاندانان.
خالید شوانی، وەزیری دادی عێراق دەڵێت، "بەو هیوایەی کە لیژنەکە راسپاردەیەک پێشکێش بکات لە بەرژەوەندیی جووتیارانی کورد بێت بە تێگەیشتنی نێوان هەموو پێکهاتەکان و لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکان بێت. راسپاردەکانیش بەرز دەکرێنەوە بۆ سەرۆکوەزیران و جەنابی سەرۆکوەزیرانیش پەسندی ئەو راسپاردانە بکات و ئەو کێشانەش چارەسەر بکات."
دوای دوو رۆژ دیدار و کۆبوونەوە، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێیوایە لە بەغدا نێتی جیدی بۆ چارەسەری کێشەی نزیکەی ملیۆنێک و 200 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان نییە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی گشتیی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان پێیوایە، "جدیەتێکی زۆر نییە لەناو حکومەتی عێراق بە ئاراستەی چارەسەرکردنی گرفتەکانی ئەو ناوچانە، واتە زۆر جدی نین و دیدگایەکی روونیان نییە، چونکە کێشەکانی ئەو ناوچانە کێشەی قووڵن و پێویستی بە دیدگایەکی روونترە. ئێمەش دەبێت لە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانمان زیاتر بکەین."
بۆ گەڕاندنەوەی زەویی جووتیارانی کورد، پرۆژەیاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی شۆڕش لە پەرلەمانی عێراقە، بەڵام بەهۆی کۆدەنگیی شیعە و سوننەوە، تائێستا پەسند نەکراوە.
مادەی 140 کە بە یەکێک لە بنچینەکانی چارەسەرکردنی کێشەی زەوی و زاری کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دادەنرێت، لە بودجەی گشتیی ئەم ساڵیش بڕی 228 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بۆ تەرخانکراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هیچ ئاسۆیەکی روون نییە ئاوا بە زوویی و ئاسانی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ