رووداو - چەمچەماڵ
هەر سوچێکی نەخۆشخانە نوێیەکەی چەمچەماڵ بگەڕێیت، خاڵییە لە کارمەند و ئامێر و پزیشک، نەخۆشخانەکە بڕیارە بکرێتە نەخۆشخانەیەک بۆ چارەسەری منداڵ، چونکە لە شارەکەدا نییە و خواستی دانیشتووانەکەی لەسەرە.
دیمەن محەممەد، چالاکوانی ژنان دەڵێت، "تاوەکو منداڵێک دەبەیتە سلێمانی بۆ نەخۆشخانە، بەهۆی رێگەکەوە درەنگ دەکەویت، تاوەکو دەگات دەمرێت. مافی خۆمانە ئەو نەخۆشخانەیەمان هەبێت."
وشیار فەقێ ساڵح، دانیشتووی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوە کرد، "باشترین پاداشتە بۆ کەسوکاری ئەنفال و مافی خۆمانە ئەو نەخۆشخانەیە بکرێتەوە." ئیبراهیم حەمەساڵح، مامۆستا باسی لەوە کرد، "لەجیاتی ئەوەی منداڵەکەم ببەمە شارێکی دیکە، لای خۆمان چارەسەری بکەین باش دەبێت."
تێچووی نەخۆشخانەکە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێبوونی عێراق لەئەستۆی گرتووە و زیاتر لە یەک ملیار و 250 ملیۆن دیناری بۆ دروستکردنی تەرخان کردووە. تەندروستیی چەمچەماڵ بۆ چارەسەری گرفتی نەبوونی پزیشک و کارمەند، داوایەکی ئاراستەی حکومەتی عێراق کردووە.
شەریف رەحیم، جێگری بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ دەڵێت، "تەندروستیی عێراق بڕیاری داوە بە تەنسیب 300 کارمەندی تەندروستیمان بۆ بنێرێت بۆ نەخۆشخانەکە، تاوەکو لە کوردستان دامەزراندن دەکرێتەوە."
تەندروستیی چەمچەماڵ هاوشێوەی چارەی گرفتی نەبوونی کارمەند و پزیشک بۆ چارەسەری پێداویستیی نێو نەخۆشخانەکە، داوای لە حکومەتی عێراق کردووە 950 ملیۆن دیناریان بۆ تەرخان بکات، بەڵام چاوەڕوانی وەڵامن، کردنەوەی نەخۆشخانەکەیش لەسەر ئەو وەڵامەی حکومەت ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ