جووتیارانی کورد لە سنووری کەرکووک کێشەی کەمیی سایلۆیان هەیە

29-05-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
بە شۆڤڵ گەنمی نێو سایلۆیەک هەڵدەدرێتەوە. وێنە: رووداو
بە شۆڤڵ گەنمی نێو سایلۆیەک هەڵدەدرێتەوە. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو - کەرکووک

جووتیارانی کورد لە سنووری پارێزگای کەرکووک بەرهەمی رەنجی ساڵێکیان دروێنە دەکەن، کە زەحمەتی زۆریان بۆ چەشت تاوەکو بەرهەم هات. لە ناوچە کوردییەکان هیچ سایلۆیەک نییە، بۆیە ناچارن دوای دروێنە بەرهەمەکانیان رەوانەی باشووری شارەکە بکەن، کە بۆ هەر تۆنێک خەرجیی گواستنەوە و رادەستکردنی 50 بۆ 60 هەزار دیناری تێدەچێت.
 
یەعقوب سەمەد، جووتیار لە سنووری حەسار ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی 2012ەوە پلان هەبوو لە گوندی دوبزنی سنووری شوان سایلۆیەک دروست بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی جووتیاری کورد لێی سوودمەند دەبێت، نەکرا.
 
ئەو جووتیارەی سنووری حەسار دەشڵێت، "لێرەوە تاوەکو دەیبەنە ئەوێ، خەرجی و کرێی زۆری تێدەچێت، لەبەر نەبوونی سایلۆ لە سنوورەکەی ئێمە، کاتی خۆی بڕیاربوو سایلۆیەک بکرێتەوە، بەڵام نەکرایەوە، شوێنیشی بۆ تەرخان کرا، لەبەر نەبوونی سایلۆ هەم دوادەکەوین و هەم ئەرکی جووتیار قورس دەبێت."
 
جووتیارانی کورد دەیان کیلۆمەتر رێگە دەبڕن تاوەکو دەگەنە سایلۆی باشووری شارەکە و دەڵێن، بۆ هەر تۆنێک بە کرێ و خەرجیی گواستنەوەوە، 50 بۆ 60هەزاریان دەڕوات.
 
ئاشتی نەسرەدین، جووتیاری سنووری ساڵەیی ئەوە دەخاتەڕوو کە "سایلۆ لەنێوان کەرکووک بۆ سێ رێیانی شوان زۆر پێویستە، خەرجی کەمتر دەوەستێت لەسەرمان. داواکارین لەو ناوچەیە سایلۆ بکرێتەوە، سنووری ساڵەیی و شوان گەورەیە."
 
خەسرەو مستەفا، جووتیاری سنووری پردێ دەڵێت، "تەنیا پردێ پێویستی بە سایلۆیەک هەیە، لە سنووری حەویجە گەنمی زۆرترە."
 
گەرچی وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانێکی زۆرە پلانی دروستکردنی سایلۆیەکی دیکەی هەیە، بەڵام ئەوەی کە بڕیاربوو لە سنووری شوان دروستبکرێت، ئێستا گواستراوەتەوە بۆ قەزای دوبز و لەوێ زەویی بۆ تەرخانکراوە.
 
حوسێن قەنبەر، بەڕێوەبەری سایلۆی کەرکووک رایگەیاند، "کەرکووک پێویستی بە شوێنی دیکەیە بەهۆی زۆریی بەرهەمهێنانی گەنم، زەوییەکمان بە پەنتایی 200 دۆنم لە سنووری قەزای دوبز بۆ دروستکردنی سایلۆیەکی نوێ تەرخانکردووە؛ ئێمە سەرقاڵی رێکارەکانین بۆئەوەی زەوی بکەینە ناوی کۆمپانیای بازرگانیی دانەوێڵە و خستوومانەتە نێو پلانی 2023ی پڕۆژەکانی پارێزگای کەرکووکەوە."
 
لە کەرکووک چوار سایلۆ هەن، یەکێکی لە باشووری شارەکە و دووانی لە سنووری حەویجە و دانەیەکیش لە ناحیەی تازەیە؛ واتە لە باکوور.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی کۆبوونەوەی نێچيرڤان بارزانى و هادی عامری.

نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری: ناکۆکییەکان لە بەرژەوەندیی گەلی عێراق تێپەڕن

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ هادی عامری، ئه‌مینداری گشتیی رێکخراوی بەدر، کۆبووەوە.