رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی تێوەگلان لە چەند دۆسیەیەکی گەندەڵی، بەڕێوەبەری پێشووی تاپۆی دهۆک بە سزای ساڵێک زیندانی و ملیارێک و 892 ملیۆن دینار سزا درا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەکە لە دهۆک کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەو کەسەی سزادراوە پێشتر لە ساڵانی 2002، 2003 و 2005 ژمارەیەک پارچە زەوی لەسەر ناوی هاوژینەکەی تۆمارکردووە، نزیکەی ساڵێکە دۆسیەکەی لە دادگەیە و ئەمڕۆ دادگە بڕیاری لەبارەوە دا.
ئەو سەرچاوەیەی رووداو کە لە دادگەی دهۆک کار دەکات، دەشڵێت، لە ساڵی 2017دا سکاڵا لەسەر ئەو بەڕێوەبەرە تۆمارکرا و زیندانی کرا، بەڵام دواتر بەر لێخۆشبوونی گشتی کەوت و ئازادکرا، بەهۆی ئەوەی دۆسیەکەی لەگەڵ دۆسیەی کەسێکی دیکە تێکەڵ کرابوو، دواتر لە دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر بڕیاری داخستنی دۆسیەکەی رەتکرایەوە و رەوانەی دهۆک کرایەوە.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگەدا ئەو بەڕێوەبەرە بە ساڵێک زیندانی و ملیارێک و 892 ملیۆن دینار سزادراوە. بڕیارەکەش بۆ دادگەی تێهەڵچوونەوەی هەولێر دەنێردێت، چونکە لایەنی بەرامبەر مافی ئەوەی هەیە تانە لە بڕیارەکە بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ