هۆشیار زێباری: دەبێ هەڵبژاردن بکرێت و لەوبارەوە هیچ سازشێک ناکەین
رووداو - لۆزان
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند "پێداگرین لەسەر ئەوەی؛ دەبێت هەڵبژاردن لەکاتی دیاریکراودا بکرێت و لەو بارەوە هیچ سازشێک ناکەین".
زێباری ئەو قسانەی لە شاری لۆزانی سویسرا لە پانێڵێکدا لەبارەی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی رێککەوتنی لۆزان لەسەر پرسی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کرد.
زێباری هەروەها گوتی؛ دەکرێت، کار بکرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکە پاک و بێگەرد و رێکوپێک بێت، بەڵام دەبێ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئامانجی هەموومان بێت و "لەوبارەوە هیچ سازشێکی لێ ناکەین".
گوتیشیشی؛ وڵاتانی دۆست زۆر جەخت لەوە دەکەنەوە، "کە دەبێ هەڵبژاردن بکەین".
دوای ئەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەک ساڵ درێژکرایەوە، گفتوگۆی لایەنەکان دەستیپێکرد بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن. یەکێتی نیشتمانی کوردستان داوای دەکرد، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکرێتەوە و کوردستان بکرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها پشت بە داتای عێراق ببەسترێ بۆ ژمارەی دەنگدەران، هەروەها پێکهاتەکانیش یەک بازنە نەبێت.
پارتی رازی بوو یاساکە هەموار بکرێتەوە و پشت بە داتای عێراقیش ببەسترێت، بۆ پێکهاتەکانیش رایگەیاند پێکهاتەکان لەگەڵ یۆنامی لەسەر چی رێککەوتن، پارتی کێشەی نییە. رۆژی 22ـی ئایار، پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە، یەکێک لە بڕگەکانی کۆبوونەوەکە لەسەر داوای فراکسیۆنی پارتی بوو، کە کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بوو، بەڵام کیشە روویدا و پارتی دەڵێ بە 58 دەنگ کۆمیسیۆن نوێکراوەتەوە و یەکێتیش دەڵێ یاسایی نییە و کۆمیسیۆن نوێ نەکراوەتەوە.
بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، دەبێ لە 18ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردن بکرێت.