دوو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران سوێندی یاساییان خوارد


رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-05-2023، ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی عەبدولجەبار عەزیز مەحموود، سەرۆکی دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی دادوەران کۆبووەوە. 
 
بەگوێرەی نووسراوێک کە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی دادوەریدا دوو ئەندامی نوێی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییان خواردووە کە بریتین لە عەلی ساڵح قادر مەحموود و کامەران نەشئەت بەکر.
 
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بە ئاڵۆزی دەستیپێکرد، کاتێک رۆژێک پێشتر بەبێ رەزامەندیی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاراکردنەوەی کۆمیسیۆن لەلایەن جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانەوە خرایە بەرنامەی کارەوە.
 
لە کۆبوونەوەکەدا رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کۆبوونەوەکەی دواخست، بەڵام هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان رەتیکردەوە کۆبوونەوە دوابخرێت و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی خستە دەنگدانەوە.
 
رۆژی سێشەممە، 23-05-2023، نووسراوێک بە واژۆی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کورستان بڵاوکرایەوە و تێیدا هاتبوو: پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی 1 لە ماددەی 56 لە یاسای ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو و حوکمی مادەی خاڵی 1 لە بڕگەی یەکەم لە مادەی 5ی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان -عێراق ژمارە 4ی ساڵی 2014 بڕیارماندا بە:
  
یەکەم: بەردەوامبوونی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە وەکو ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی بۆ ماوەی پێنج ساڵ کە دەستپێدەکات لە رۆژی کۆتاییهاتنی ماوەی یەکەمی کارکردنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە رێککەوتی 23-12-2019:
 
1. هەندێن محەممەد ساڵح
2. نەهرۆ سەلیم حەنا
3. رێزان حەمەرەشید کەریم
4. عەبدولسەمەد خزر عەبدوڵڵا
5. شێروان زرار نەبی
6. ئیسماعیل حەمەعەلی عەبدولقار
7. سلێمان مستەفا حەسەن
 
دووەم: هەڵبژاردنی هەریەک لەم بەڕێزانەی خوارەوە بە ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە رۆژی دەرچوونی ئەم بڕیارە:
 
1. عەلی ساڵح مەحموود قادر
2. کامەران نەشئەت بەکر
 
سێیەم: ئەم بڕیارە لە رۆژی دەرچوونییەوە کاری پێدەکرێت و لە رۆژنامەی فەرمیی وەقائیعی کورستان بڵاودەکرێتەوە.
 
هاوکات هەر رۆژی 25-05-2023، ژمارە 305ـی رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوکرایەوە کە رۆژنامەی فەرمیی هەرێمی کوردستانە و وەزارەتی داد دەریدەکات، لەو ژمارەیەدا بڕیاری ژمارە (10)ـی ساڵی 2023ـی پەرلەمانی كوردستان بڵاوكراوەتەوە تایبەت بە: بەردەوامبوون و ھەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجوومەنی كۆمیسیاران لە كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی.