بارهەڵگرێکی ژمارەی تورکیا لە زاخۆ خۆی بە گردێکدا دەکێشێت و شۆفێرەکەی گیان لەدەستدەدات

28-05-2023
سۆران حوسێن
نیشانەکردن زاخۆ رووداوی هاتووچۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی زاخۆ بڵاویکردەوە، بارهەڵگرێک کە تابلۆی ژمارەی تورکیایە، خۆی کێشاوە بە گردێکدا و بەهۆیەوە شۆفێرەکەی گیانی لەدەستداوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆ دەڵێ، کەسوکاری قوربانییەکە بە رووداوەکەیان نەزانیوە؛ بۆیە تاوەکو ئێستا تەرمەکەی لە زاخۆیە و وەریاننەگرتووەتەوە.
 
رووداوەکە کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 28ـی ئایاری 2023) لە شەقامی سەرەکیی دێرەبین روویداوە.
 
موقەدەم محەممەد سلێمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی هاتووچۆی زاخۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو رێگەیەی رووداوەکە تێیدا روویداوە، دوو سایدە و رێگەیەکی خۆشە؛ گوتیشی: "بەهۆی ئەوەی شۆفێرەکە کۆچی دواییکردووە، تاوەکو ئێستا هۆکاری رووداوەکە نازانین و نازانین ئایا خەوی لێکەوتووە، یان هۆکاری دیکە هەیە".
 
ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە ناوی حوسێنە. موقەدەم محەممەد گوتی، "تاوەکو ئێستا تەرمەکەی لە زاخۆیە و کەسوکاری بە رووداوەکەیان نەزانیوە بێن بیبەنەوە"؛ گوتیشی، "ناسنامەی تورکیای پێیە بەڵام دیار نییە کوردە یان تورک".
 
بەگوێرەی ئاماری هاتووچۆ، ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان سێ هەزار و 706 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە؛ 2 هەزار و 909 رووداو بەهۆی پێکدادانی ئۆتۆمبێلەوە بوون، 773 رووداوی وەرگەڕان و 438 رووداوی شێلانیش هەبوون، لە ئەنجامیاندا 445 کەس گیانیان لەدەستداوە و 7 هەزار و 250 کەسیش برینداربوون.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە