براندێکی بەنێوبانگی هۆتێل لە هەولێر دەکرێتەوە

28-05-2022
هادی سەلیمی
هادی سەلیمی @hadiselimi
هەیات براندێکی بەناوبانگی هۆتێلە و لە جیهاندا ناسراوە
هەیات براندێکی بەناوبانگی هۆتێلە و لە جیهاندا ناسراوە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

براندی هەیات بۆ هۆتێل و نیشتەجێبوون کە زیاتر لە هەزار و 400  هۆتێلی لە جیهان هەیە، لە هەولێریش لقێکی کردووەتەوە، بەڕێوەبەری کارگێڕی هەیات ریجێنسی لە هەولێر دەڵێت، "ئاسایش و ئارامی هەولێر بۆ ئێمە زۆر گرنگ بووە کە ئەم هەڵبژاردنەمان هەبێت."
 
هەیات ریجێنسی هەولێر لە 20 نهۆم پێکدێت. تەرکان ئاکسۆی، بەڕێوەبەری کارگێڕی هەیات ریجێنسی لە هەولێر دەڵێت، "هەیات براندێکی زۆر تایبەتە کە لە زۆربەی وڵاتان خزمەتگوزاری پێشکێش دەکات. زیاتر لە 1400 هۆتێلی لە جیهاندا هەیە. ئێمە سەردانیکارانمان زۆر لا گرنگە و باشترین خزمەتگوزارییان پێدەدەین، هەروەها هەیات گرنگییەکی زۆریش بە کارمەندەکانی دەدات."
 
لەبارەی تایبەتمەندیی ژوورەکانی ئەو هۆتێلەشەوە، بەڕێوەبەری کارگێڕی هەیات ریجێنسی لە هەولێر گوتی، "ژوورەکانمان چەندین جۆریان هەیە، ژوورەکانمان 70 مەتری چوار گۆشەن و زیاتریشمان هەیە کە لە ژووری ئاسایی و دەبڵی هۆتێلەکانی دیکە گەورەترن. هەموو ژوورەکانمان هەموو کەلوپەلی ناوماڵیان تێدایە، واتە هەم هۆتێلە هەم ماڵیشە. هەولێر هەموو بازرگانی تێدایە و هەمیش جۆرێک لە خۆشگوزەرانیی تێدا بەدیدەکرێت. لە باشووری عێراقەوە خەڵکێکی زۆر دێت بۆ گەشتوگوزار، هەروەها ئاسایش و ئارامی هەولێر بۆ ئێمە زۆر گرنگ بووە کە ئەم هەڵبژاردنەمان هەبێت."
 
هەیات ریجێنسی هەولێر لە 95 ژوور پێکدێت. هوتێلەکە 20 نهۆمی هەیە. 11 نهۆمی تایبەتن بە هۆتیل و نۆ نهۆمیشی تایبەتن بە یەکەی نیشتەجێبوون. بەپێی ستانداردە جیهانییەکان زیاتر لە 70 جۆر خواردن و خواردنەوەی ئامادە دەکرێت. 
 
سەلجوق گونەن، شێف لە هەیات ریجێنسی هەولێر باسی لەوە کرد، "رۆژانە مێنووی تایبەت ئامادە دەکەین بۆ ژەمەکانی بەیانی و نیوەڕۆ. خوانی بەیانیی زۆر فراوان و ناوەڕۆکی زۆرە. هەم کولتووری نێوخۆیی و هەم جیهانیی لەخۆدەگرێت کە گونجاوبێت بە چێژی هاووڵاتییان و سەلیقەی گەشتیارە بیانییەکان. بەهەمانشێوە ژەمی نیوەڕۆ چەندین جۆر خوانی کولتووری بەڕەهەندێکی مۆدێرن و زۆر بەخێرایی ئامادە دەکرێت بۆ گەشتیاران و بەکوالیتییەکی بەرز بۆ سەردانیکاران."  
 
لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 400 هوتێل و میوانخانە هەن، هەیات یەکەم براندی جیهانییە لە ریزبەندی سێ براندی جیهانی هوتێلدا کە هاتووەتە هەولێر.
 
زیرەک بیا، سەرۆکی کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، "بێگومان هەر شوێنێک یان هەر وڵاتێک ئەم براندانەی لێبێت، بەرەو پێشەوە دەچێت، ئەم براندە ئێستا لێرە هەیە، هەر هاوڵاتییەک لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان گوێی لەوە بێت ئەم براندە لە هەلێر هەیە، ئەمە ناوێکی گەورەیە."
 
براندی هەیات بۆ هۆتێل و نیشتەجێبوون، 65 ساڵ لەمەوبەر لە ئەمریکا دامەزراوە، دەستپێکی پرۆژەی هەیات لە هەولێر دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2008 کە بڕیار بوو یەکەم هۆتێلی پێنج ئەستێرە بێت لە هەولێر، بەڵام قەیرانی دارایی و شەڕی داعش تەواوکردنی پرۆژەکەی دواخست و سەرەتای مانگی 5ـی 2022، دەستی بە کارەکانی کردەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە