دیداری یەکێتی لە سلێمانی

دوای نزیکەی سێ مانگ لە ئامادەکاری و ژمارەیەک دیدار لە شارەکانی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ یەکێتیی نیشمانیی کوردستان لەژێر درووشمی "نوێبوونەوە و چاکسازی" دیداری گشتی ئەنجام دەدات.

28-05-2022

16:09

فەرید ئەسەسەرد: تێڕوانینی یەکێتی لە حیزبەکانی دیکەوە نزیکە

فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی
فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی
 
فەرید ئەسەسەرد، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دیداری یەکێتیدا رایگەیاند، "دیداری یەکێتی بەشێکە لە شۆڕکردنەوەی پڕۆسەی دروستکردنی بڕیار لەنێو یەکێتی نیشتمانی کوردستان تەنیا مەکتەبی سیاسی، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی، دەستەی کارگێڕی بڕیار لەنێو یەکێتیدا نادەن بەڵکو کادیرەکانیش لەم دیدارەدا دەتوانن رۆڵێکی گەورە ببینن و ئەوان بەرنامە دابنێن."
 
لەبارەی بۆچوونی خۆی لەسەر سەرکەوتنی دیدارەکە، سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، "گەشەیەکە لە بابەتی دروستکردنی بڕیار و هیچ حیزبێک تاوەکو ئێستا ئەم سیستمەی دانەهێناوە بۆ یەکەمجاریشە یەکێتی بەکاریدەهێنێت و ئەزموونێکی تازەیە، ناتوانین بڵێین زۆر سەرکەوتوو دەبێت یان شکست دەهێنێت. ئەزموون پیشانی دەدات چەند سەرکەوتوو دەبین تێیدا." 
 
لەبارەی تێڕوانینی یەکێتی و نزیکیان لە حیزبەکانی دیکەوە، فەرید ئەسەسەرد ئاماژەی بەوە کرد، "تێڕوانینمان نزیکە لە حیزبەکانی دیکەوە، هەندێک بۆچوونیشمان هەیە تایبەتە بە خۆمان، بەڵام لەوانیشەوە نزیکە." 
 
فەرید ئەسەسەرد باسی لەوە کرد، "هەندێک حیزب هەیە کە ئێمە ناتوانین یەکتری بسڕینەوە، ئەوانیش ناتوانن یەکێتی نیشتمانی کوردستان بسڕنەوە لەبەر ئەوە دەبێت پێکەوە بژین، بەڵام کە پێکەوە دەژین یان دەبێت دژایەتی یەکتری بکەین یان دەبێت دۆستایەتی یەکتری بکەین یان چارەسەری مامناوەندی ئەوەیە ئێمە بۆچوونەکانی خۆمان بهێڵینەوە و کاریان بۆ بکەین و ئەوانیش سیاسەتی خۆیان بکەن. لە هەمان کاتدا خاڵی هاوبەش هەیە و دەتوانین کاری لەسەر بکەین، بەڵام جیاوازییەکانی خۆمان بپارێزین. نابێت ئێمە لە بیر و باوەڕی حیزبێکی دیکەدا بتوێینەوە، لای من بوونی جیاوازییەکان گرنگە." 
زیاتر بخوێنەوە

15:04

د. شوان عوسمان: هەموو ئەو بڕیارانەی بافڵ تاڵەبانی داویەتی کۆی سەرکردایەتی لەسەری کۆکبوون

گفتوگۆی رووداو لەگەڵ د. شوان عوسمان، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ د. شوان عوسمان، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی
 
لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی رووداو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، سەبارەت بە دیداری یەکێتی د. شوان عوسمان، راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان باسی لەوە کرد، لە پاش رووداوەکانی هەشتی تەمموزەوە هاوسەرۆکی کۆتای هاتبوو، ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی رازی بوون بەوەی بافڵ تاڵەبانی بکرێتە سەرۆکی یەکێتی.
 
د. شوان عوسمان، گوتیشی: لە رووی واقعییەوە لە پاش رووداوەکانی هەشتی تەممووزەوە هاوسەرۆکی لەنێو یەکێتی نەماوە، ئەوەی ئەمڕۆ لە دیداردا کرا تەنیا بە فەرمیی ناساندن بوو، لە دوای رووداوەکانی هەشتی تەممووزەوە بافڵ تاڵەبانی وەکو سەرۆک هەڵسوکەوتی کردووە و وەک سەرۆک لێی قبوڵکراوە.
 
راوێژکاری سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت: دەبوو لاهوور جەنگی ئەو کاتەی دەسەڵاتی هەبوو هەوڵی بدایە پەیڕەو و پڕۆگرام لەناو کۆنگرە دەنگی لەسەر بدرێ و گفتوگۆی لەسەر بکرێت.
 
ئاماژەی بەوەش کرد: هەموو سەرکردایەتی کۆکبوون لەسەر ئەوەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی بێت زۆر ئاساییە پەیڕەو و پڕۆگرام لەلایەن سەرکردایەتی ئێستای یەکێتییەوە گۆڕانکاری تێدا بکرێت، سەرکردایەتی ئەو پەیڕەوەی نووسیوە و سەرکردایەتیش بافڵ تاڵەبانی وەک سەرۆک ناساندووە، هەموو ئەو بڕیارانەی بافڵ تاڵەبانی داویەتی کۆی سەرکردایەتی کۆکبوون لەسەری.
 
د. شوان عوسمان، گوتی: لە ئەمڕۆوە پەیڕەو و پڕۆگرام بەو شێوەیە دەبێت لەگەڵ بارودۆخی نێو یەکێتی نیشتمانی بگونجێت، سەرکردایەتی ئێستای یەکێتی تێڕوانین و ئایدیایەکی دیکەی هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پارتی و حیزبەکانی دیکەش، زۆر ئاساییە کە پارتی کێبڕکێی پۆست لە بەغدا لەگەڵ یەکێتی دەکات، یەکێتیش کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستانە دەکات کە لە هەرێمدا هەیە.
 
گوتیشی: ئەگەر رێککەوتن نەبێت و درێژە بەو هەوڵانە نەدرێت کە نێچیرڤان بارزانی دەستیپێکردووە، ئەوا دەگەینە کێبڕکێ لەسەر ئەو پۆستانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
 
زیاتر بخوێنەوە

14:32

شاڵاو عەلی عەسکەری لەبارەی لاهوور شێخ جەنگییەوە: رەنگە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی بدرێت

شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

شاڵاو عەلی عەسکەری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بە رووداوی گوت، لە دیداری یەکێتی پێشنیازەکان بۆ سەرکردایەتی یەكتی بەرزدەکرێتەوە و لە کۆبوونەوەی داهاتووی سەرکردایەتی بڕیاری لەسەر دەدرێت. 

لەبارەی چارەنووسی لاهوور شێخ جەنگی لەنێو یەکێتیدا، شاڵاو عەلی عەسکەری ئاماژەی بەوە کرد، "رەنگە لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتی یەکێتی بڕیار لەسەر چارەنووسی لاهوور شێخ جەنگی و بەشێک لە هەڤاڵانی دیکە بدرێت." 

بەگوتەی شاڵاو عەلی عەسکەری، "ئامانج لە دیدارەکە دوو بەشە، بەشێکیان روئیای یەکێتییە بۆ دەوڵەتداری چ لە کورستان چ لە عێراق، کە ئەمەیان زیاتر پەیوەندی بە عامەوە هەیە مەرج نییە هەمووی کادیری یەکێتی بێت. بەشێکی دیکەشیان پەیوەندی بە خودی حیزبەکەوە هەیە." 

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باس لە دۆخی حیزبەکەی پاش کۆنگرەی حیزبەکەی دەکات و گوتی، لە دوای کۆنگرەی چوارەم هەندێک حاڵەتیان مابوو کە کۆنگرەکەی پێ تەواو بکەن و "ئەم دیدارەش بۆ ئەوەیە کە چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزینەوە و چاکی بکەین کە ئەمەیان بە تەواوی پەیوەندی بە یەکێتییەوە هەیە. ئەم دیدارە ئیشەڵڵا دەبێتە دیدارێک کە یەکێتی بەخۆیدا بچێتەوە." 
 
زیاتر بخوێنەوە

13:00

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: دەبێت ئەمساڵ بکەینە ساڵی گەشەکردن

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دیداری یەکێتیدا رایگەیاند، "ئێستا سەردەمێکی نوێیە لەگەڵ سەردەمی شاخ و شۆڕشدا جیاوازە، سەردەمی بونیاتنانەوەی کۆمەڵگەی مەدەنییە ئەم سەردەمە نوێیە وامان لێدەکات چاوبخشێنینەوە بە شێوەی کار و شێوەی بەڕێوەبردن و شێوەی سەرکردایەتیکردن لەنێوماندا."
 
لەبارەی پلانی یەکێتی بۆ ئەمساڵ، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد گوتی، "دەبێت ئێمە ئەمساڵ بکەینە ساڵی گەشەکردنی حیزبی، حکومی، پێشمەرگایەتی، رێکخراوە دیموکراتییەکان و کۆمەڵی مەدەنی." 
 
لە قسەکانیدا کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئاماژە بەوەش دەکات، "قۆناخەکەمان قۆناخێکی نوێیە. سەردەمەکەمان سەردەمێکی نوێیە. پێویستە حیزبەکەمان وا گەشەپێبدەین بیکەینە حیزبی ئەم سەردەمە کە بگونجیت لەگەڵ پێویستییەکانی ئەم سەردەمە نوێیەدا." 
 
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد هیوادارە لە دوای ئەو دیدارەوە "رەخنە و گلەی و ناڕەحەتییەکان" کەمببێتەوە. دەشڵێت، "دەزانم کەس نکۆڵی لەوە ناکات کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەمیشە پێشەنگ بووە." 
زیاتر بخوێنەوە

12:30

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی: چارەسەری کێشەی هاوسەرۆکان لە دەسەڵایەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە نەک دیدار

نەسروڵڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی
نەسروڵڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیێنێت، "چارەسەری کێشەی هاوسەرۆکان لە دەسەڵایەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتییە نەک دیداری یەکێتی"، دەشڵێت، "دیدارەکە واتە چاکسازی لەنێو حیزبەکە." 

نەسروڵڵا سورچی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی گرنگیی دیداری یەکێتی بە رووداوی راگەیاند، "لە دوای کۆنگرەی چوار، یەکێتی بەنیازی نوێبوونەوەیە کە هەموو لایەنەکان دەگرێتەوە، دوایین دیدار ساز دەکات کە ماوەی چوار رۆژ دەخایەنێت."

لەبارەی ئەوەی نێوەڕۆکی دیدارەکەوە، نەسروڵڵا سورچی ئاماژە بەوە دەکات، "هەموو ئەو بیرۆکانە کۆدەکرێنەوە و گفتوگۆیان لەبارەوە دەکرێت کە لە دیدارەکان گەڵاڵەبوون، دەگەینە ئەنجامی کۆتایی کە چۆن یەکێتی نوێ ببێتەوە." 

سەبارەت بەوەی دیداری یەکێتی دەتوانێت کێشەی نێوان هاوسەرۆکان چارەسەر بکات، نەسروڵڵا سورچی دەڵێت: "ئەو بابەتە پەیوەندی بە پەیڕەوی ناوخۆی حیزبەوە هەیە، ئەو پەیڕەوە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی دەسەڵاتی هەیە گۆڕانکاری تێدا بکات، بۆیە هیچ پەیوەندی بە دیدارەوە نییە. دیدارەکە واتە چاکسازی لەنێو حیزبەکە، بیر و بۆچوونەکان یەکدەخرێن بەمەبەستی نەهێشتنی باڵ باڵێن." 

زیاتر بخوێنەوە

11:45

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: گرنگە ساڵانە دیدارێکمان هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانمان

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی
دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ رایدەگەیێنێت، "گرنگە ساڵانە دیدارێکمان هەبێت بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی خۆمان. کە لە خۆمان پرسین ئایا ئامانجەکانی خۆمان بەدەستهێناوە یان نا."

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ، کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە دیداری یەکێتیدا رایگەیاند، پێیان خۆشە کادیرەکانیان بەشداریی بکەن لە بڕیارەکانی حیزبەکەدا و پێشنیازەکانیان دەکەن، ئەوانیش گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەکانیان دەکەن. 

کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی راشیدەگەیێنیت، "ئێمە دەرگاکانمان دانەخستووە، ئێمە ئەو حیزبە وشکەنین کە بڵێین خۆمان بە تەنیا بڕیاردەدەین. پێماخۆشە لە خوارەوە تاوەکو سەرەوە پێکەوە بڕیاربدات، لە هەموو پرسەکاندا دەنگ و رەنگیان هەبێت ئەوە دیموکراسی راستەقینەیە." 

لەبارەی نزیکی یەکێتی لە خەڵکەوە، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ گوتی، "ئێمە وەک سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی خۆمان بە نزیک لە ئازارەکانی خەڵک دەزانین. لە چەند مانگی رابردوودا توانیومانە چەند دەستکەوتێک بۆ سلێمانی بەدەستبێنین." 

لەبارەی بە بنەماڵەیی بوونی یەکێتییەوە، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ ئاماژەی بەوە کرد، "یەکێتی هەرگیز حیزبێکی بنەماڵەیی نەبووە، لە هەزارەها بنەماڵە پێکهاتووە کە لە بادینانەوە تاوەکو خانەقین چەندین خانەوادە پشکیان تێیدا هەبووە."

لەبارەی نوێبوونەوەی یەکێتییەوە، کارگێڕەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی باسی لەوە کرد، "ئێمە باسی نوێبوونەوە ناکەین لە دەموچاوەکان، باسی نوێبوونەوە دەکەین لە سیاسەتەکانمان، چۆن خۆمان بگونجێنین لەگەڵ قۆناخەکانی ئەو رووداوانەی دێنە پێش بگونجێنین." 

زیاتر بخوێنەوە

11:01

رێباز بێرکۆتی: یەکێتی چیتر رێگە بەو سیاسەتە نادات لە حکومەت بیت و دژایەتی حکومەت بکەیت

گفتوگۆی رووداو لەگەڵ رێباز بێرکۆتی
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ رێباز بێرکۆتی

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر رایدەگەیێنێت، دیداری یەکێتی چاوخشاندنەوە دەبێت بە ئەدەبیاتی یەکێتی. ئاماژە بەوەش دەدات کە یەکێتی چیتر رێگە بەو سیاسەتە نادات لە حکومەت بیت و دژایەتی حکومەت بکەیت. 

ئەمڕۆ شەممە 28-05-2022، رێباز بێرکۆتی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 08:00 بوو کە بێستوون عوسمان لە ستۆدیۆکانی سلێمانی تۆڕی میدیایی رووداوەوە پێشکێشی دەکات.

سەبارەت بە دیدار گشتی یەکێتی و پرسی هاوسەرۆکی و سەرۆک لەو دیدارەدا، رێباز بێرکۆتی گوتی، "بۆ مەسەلەی هاوسەرۆک رەنگە شتێکی گونجاو نەبێت لەگەڵ پەیکەری رێکخراوەیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، بۆیە بنکەی جەماوەری یەکێتیش پێی نامۆ بوو، ئەدەبیاتی یەکێتیش شتی وای تێدا نەبوو، بەڵکو زیاتر لە سکرتێر سەرچاوەی گرتووە، بۆیە رەنگە پێداچوونەوە بەو مەسەلەیە بکرێت و چاو بەو بابەتەدا بخشێندرێتەوە." 

بە بڕوای رێباز بێرکۆتی، "شتێک عەمەلی نەبێت و لەگەڵ واقیعدا نەگونجێت، دەبێت چاوی پێدا بخشێنیتەوە، ئەو دیدارە چاوخشاندنەوەیە بەو پرسانەی کە تێیدا سەرکەوتوو نەبوون و گونجاو نەبووە. دیدگای یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ پەیکەری رێکخراوەیی و داهاتووی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکان و پەیوەندییە ئیقلیمییەکانی لەو دیدارە دیاریدەکرێت."

سەبارەت بەو سیاسەتەی کە یەکێتی لە ماوەی رابردوودا پەیڕەوی کردووە کە هەم لەنێو حکومەتدا بوو هەمیش ئۆپۆزسیۆن و پێداچوونەوەی ئەو بابەتە لە دیداری یەکێتی، رێباز بێرکۆتی دەڵێت: "هەندێک کەسی تووندڕەو رەنگە جەنابی کاک قوبادیشیان ئیحراج کردبێت لەو بەرپرساریێتە، ئێمە لە دیداری یەکێتیدا لە نوێبوونەوەی یەکێتیدا ئێستا لە دوای کۆنگرەی 4 لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییە جەوهەرییانەی کراون، پێمانوایە ئێمە بە ئەندازەی ئەوەی کە بەشدارین لە حکومەت بەرپرسیاریێتیشمان لەسەر شانە." 

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پێیوایە، "نابێت بەو دیدگا تووندڕەوییە یان بەو شێوەیە دژایەتی حکومەت بکرێت، یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سەرچاوەی بڕیارەوە لەلایەن کاک قوباد و کاک بافڵ رێگە بەوە نادەن چیتر ئەو سیاسەتە پەیڕەو بکرێت تۆ لە حکومەت بیت و دژایەتی حکومەت بکەیت." 

زیاتر بخوێنەوە

10:40

بافڵ تاڵەبانی: یەکێتی پاشکۆی هیچ حیزب و وڵاتێک نابێت

بافڵ تاڵەبانی
بافڵ تاڵەبانی
 
بافڵ تاڵەبانی لە دیداری یەکێتیدا بەشداری لە گفتوگۆیەکدا کرد و رایگەیاند، "زۆر جار گوێم لە یەکێتی تازە دەبێت بەڵام من حەزم لەوە نییە، یەکێتی باببێتەوە بە یەکێتییەکەی مام جەلال، باببێتەوە بە یەکێتی ئێمە."
 
لەبارەی چینی گەنجانەوە کە لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک لەگەڵیان کۆبووەوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوە کرد، "بە کۆبوونەوە لەگەڵ گەنجان بۆم دەرکەوت ئەوەی کە ئەوەی ئێمە هەمانە نە نەوتە و نە غازە بەڵکو گەنجانن." 
 
لەبارەی ناڕازیبوونی یەكێتی لە حکومەت، بافڵ تاڵەبانی باسی لەوە کرد، "ئێمە گلەیمان لە حکومەت هەیە بەڵام لەنێو حکومەتدا دەتوانین گلەییەکان چاکبکەین، لە دەرەوە ناتوانین."   
 
  لەبارەی سیاسەتی یەکێتی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبەکانی دیکەدا بافڵ تاڵەبانی گوتی، "وەک یەکێتی سیاسیەتی خۆمان هەیە، پاشکۆی هیچ حیزب و وڵاتێک نابین. هاوڕێکانمان بە تەنیا جێناهێڵین." 
زیاتر بخوێنەوە

10:25

قوباد تاڵەبانی: لە دوای کۆنگرە هەوڵدرا سەرۆکی حیزبەکەمان بکوژرێت

قوباد تاڵەبانی

دیداری یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد. قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری دیدارەکە وەک یەکەم بەرپرسی حیزبەکە گوتارێکی پێشکێشکرد و گوتی، "ئەوەی دەمانەوێ لە دیداری یەکێتی بیکەین تەواوکردنی کارەکانی کۆنگرەیە." دەشڵێت، "بە سەرۆکایەتیی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی توانیمان ئارامی بۆ نێو حیزب بگەرێنینەوە."  

 
قوباد تاڵەبانی لەبارەی رووداوەکانی دوای کۆنگرەی یەکێتی کە لەنێوخۆی حیزبەکەدا روویاندا، ئاماژەی بەوە کرد، "لە دوای کۆنگرە هەوڵدرا سەرۆکی حیزبەکەمان بکوژرێت."   


لەبارەی ئامانجەکانی دیدارەکە و ئەوەی پێویستە بیکەن، قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "پێویستە داڕشتنێکی راستگۆیانە بۆ سیاسەتی حیزبەکەمان بکەین." 

 
لە گوتارەکەیدا قوباد تاڵەبانی قسەیەکی مام جەلالی بیری ئامادەبووان هێنایەوە و گوتی، "نەیارەکانمان دڵیان بەوە خۆشە کە یەکێتی دۆخی خراپە، بەڵام قسەیەکی مام جەلالتان بە بیردەهێنمەوە، سەفین لەبن بێت یەکێتی لەبن نایەت."
زیاتر بخوێنەوە

09:41

دیداری گشتیی یەکێتی بە بەشداریی 12 هەزار کەس بەڕێوەدەچێت

ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی یەکەمی دیداری یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد. وێنە؛ ئەرکان عەلی - رووداو
ئامادەکارییەکان بۆ رۆژی یەکەمی دیداری یەکێتی لە سلێمانی دەستیپێکرد. وێنە؛ ئەرکان عەلی - رووداو

رووداو دیجیتاڵ 

رۆژی شەممە دیداری گشتیی یەکێتی لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، ئەو دیدارەی زیاتر لە سێ مانگە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  ئامادەکاری بۆ دەکات. 
 
15 کەس لە ئەندامانی سەرکردایەتی و کەسانی دیاری یەکێتی سەرپەرشتی ئامادەکارییەکان دەکەن، 12 لیژنەی تایبەتیش راپۆرتیان ئامادەکردووە بۆ رێکخستنەوەی نێوخۆیی حیزب و کاری تیمەکانی لە حکومەت و پەرلەمان.
 
سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کە لە ژمارەیەک لە دیدارەکانی یەکێتی بۆ ئامادەکاری دیداری گشتیی بەشداربووە بە رووداوی گوت، "12 هەزار کەس بەشدارە لە دیداری یەکێتی، ئەوەش ژمارەیەکی زۆرە و رۆژی 28ـی ئایار دیدارەکە بەڕێوەدەچێت و راپۆرتی لیژنەکان دەخوێندرێنەوە لە ماوەی یەک دوو رۆژیشدا لەلایەن کەسانی شارەزا و پسپۆڕ قسەیان لەبارەوە دەکرێت، دواتریش هەموو ئەو نوسراوانە دەکرێنە نامیلکەیەک وەکو مانێفێستی ژمارە دووی یەکێتی." 
 
هەرێم کاکەیی زیاتر لە 30 ساڵە یەکێتییە، ئەندامی لیژنەی سیاسەتی کلتوریی و ئایینییە کە بۆ دیداری یەکێتی پێکهێنراوە، دەڵێت، "زیاتر لە 72 خاڵم داوەتە لیژنەی باڵا." 
 
هەرێم کاکەیی، کادرێکی یەکێتییە و گوتی، "دەمانەوێت لە دیداری یەکێتی، گۆڕانکاری بکرێت و یەکێتی ببێتە یەکێتی هەمووان نەوەک هی دەستە و تاقمێکی تایبەت، وەختی خۆی مام جەلال هەمیشە دەیگوت، چەپکە گوڵ هەرگیز نەیدەگوت تاڵە گوڵ، بۆ ئەوەی هەموومان پێکەوەبین."   
 
هەرچەند یەکێتی ئامانجی سەرەکی دیدارەکەی بۆ دیاریكردنی سیاسه‌ت و دیدی نوێی یه‌كێتی دەگەڕێنێتەوە، بەڵام کەم نین ئەو کەسانەی کە بیانەوێ تێیدا سیستمی بەڕێوەبردنی حیزبەکەش یەکلایی بکرێتەوە.
 
جەمال محەممەد، کادرێکی دیکەی یەکێتییە، باسی لەوەکرد، "من لەم دیدارەدا پشتگیری سێ خاڵی سەرەکی دەکەم و دەمەوێت ئەوانەش جێبەجێ بکرێن. یەکەم، ئیتر سیستمی هاوسەرۆکی لە پەیڕەو و پڕۆگرامی یەکێتیدا نەمێنێت. دووەم، ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی یەکێتی کەم بکرێتەوە بەجۆرێک هەر کاتێک بیانەوێت کۆبوونەوە بکەن و کارێکی ئاسان بێت. سێیەمیش، چاوێکیش بخشێندرێتەوە بە سیاسەتی یەکێتی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی نوێ دابڕێژرێتەوە و روونتر بێت." 
 
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی، کۆنگرە دەسەڵاتی گۆڕینی هەموو پەیڕەوی ناوخۆیی هەیە و پلنیۆمیش دەسەڵاتی گۆڕینی یەک لەسەر سێی پەیڕەوی هەیە، بەڵام بەشێکی یەکێتییەکان باس لەوە دەکەن، ئەم دیدارە درێژخایەن و پڕبەشدارە، دەتوانێت لەنێوان کۆنگرە و پلینیۆم بێت و گۆڕانکاریی بێنێتە دی. 
 
زیاتر بخوێنەوە

09:29

دیداری یەکێتی لە سلێمانی

دوای نزیکەی سێ مانگ لە ئامادەکاری و ژمارەیەک دیدار لە شارەکانی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ یەکێتیی نیشمانیی کوردستان لەژێر درووشمی "نوێبوونەوە و چاکسازی" دیداری گشتی ئەنجام دەدات.
رووداو دیجیتاڵ

دوای نزیکەی سێ مانگ لە ئامادەکاری و ژمارەیەک دیدار لە شارەکانی باشووری کوردستان، ئەمڕۆ یەکێتیی نیشمانیی کوردستان لەژێر درووشمی "نوێبوونەوە و چاکسازی" دیداری گشتی ئەنجام دەدات.
 
ئەرکان عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند: "ئەمڕۆ شەممە 28-05-2022، یەکێتیی نیشمانیی کوردستان دیداری گشتی ئەنجام دەدات".
 
دیدارەکە لە کاژێر 10:00 لە هۆڵی یانەی پێشمەرگە لە سلێمانی دەستپێدەکات و تاوەکو ئێستا یەکلانەبووەتەوە چەند رۆژ بەردەوام دەبێت.
 
ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و لایەنگر و بەرپرسی یەکێتی لە سەرانسەری باشووری کوردستان و تەنانەت ئەو شوێنانەشی کە مەڵبەندی یەکێتی لێیە، وەکو بەغدا و هەندێک پارێزگای دیکەی عێراق، لە دیداری گشتیی یەکێتی بەشدارن.
 
دیداری یەکێتی دەستپێشخەرییەک یان داهێنانێکی قوباد تاڵەبانییە و لە کۆبوونەوەی مانگی 12ـی ساڵی 2021دا و لە کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی گوتی: "ئێمە کۆنگرەمان کرد، بەڵام نەگەیشتینە ئەو ئامانجەی کە دەبوو بە دەستی بهێنین.. بۆیە باشتر وایە دیدارێک رێکبخەین بۆ ئەوەی بزانین خەڵک و لایەنگرانی خۆمان چ داواکارییەکیان هەیە".
 
رۆژی 09-12-2021 بە واژۆی بافڵ جەلال تاڵەبانی بڕیاردرا دیداری یەکێتی رێکبخرێت؛ لەو کۆبوونەوەیەدا قوباد تاڵەبانی کرایە سەرپەرشتیاری گشتی دیداری یەکێتی.
 
لە دیداری گشتی یەکێتیدا دوو گوتاری سەرەکی پێشکێش دەکرێن؛ یەکەمیان گوتاری قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری گشتی دیداری یەکێتی و ئەوی دیکەیان لەلایەن بافڵ جەلال تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشکێش دەکرێت.
 
دوای کێشەکانی نێوخۆی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەنێوان هاوسەرۆکانی حیزبەکە و دوورخستنەوەی لاهوور شێخ جەنگی لە هاوسەرۆکایەتی، ئێستا ئەو حیزبە دەیەوێت لە دیداری یەکێتییدا گفتوگۆ سەبارەت بە کار و سیاسەتی داهاتووی بکات.
 
پێشتر یەکێتی لەڕێگەی چەندین کۆنفرانسەوە ئامادەکارییان بۆ ئەو دیدارە کردبوو؛ بۆ ئەو مەبەستەش لە ( هەولێر - سلێمانی -دهۆک - کەرکووک - هەڵەبجە - گەرمیان - راپەڕین و بەغدا) دیداری یەکێتی بەڕێوەچوو.
 
ئامادەکارییەکانیش لە رێگەی 12 لیژنەوە کراوە کە بریتین لە (لیژنەی راگەیاندن - لیژنەی ئابووری و دارایی و بەڕێوەبردن - لیژنەی ژنان - لیژنەی دەستوور و سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان - لیژنەی ناوچە دابڕێندراوەکان و ئاسایشی نیشتمانی -لیژنەی سیاسەتی کولتووری (ئایین، رۆشنبریی و هونەری) - لیژنەی کاری رێکخراوەیی و جەماوەری - لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا - لیژنەی تەندروستی و کۆمەڵایەتی و ژینگە - لیژنەی پەیوەندییەکان - لیژنەی لاوان و گەنجان و لیژنەی پەروەردە و حیزبی).

 

زیاتر بخوێنەوە