رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ سوپای تورکیا، بەچڕی سنووری گوندی هرووری لە سنووری ناحیەی کانی ماسێ تۆپبارانکرد و زیانێکی زۆری بە رەز و باخی ناوچەکە گەیاند.
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەگوێرەی زانیارییەکان، تۆپخانەکانی تورکیا زیاتر لە 15 جار سنووری گوندی هرووریان تۆپبارانکردووە، بەڵام تۆپەکان بەر دەشتاییەکان کەوتوون و زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆری بە رەز و باخەکانی ئەو ناوچە گەیاندووە.
هەرچەندە هەفتەی رابردوو، سوپای عێراق بنکەیەکی لە سنووری گوندی هروور دانا، بەڵام ئەوە نەبووەتە هۆی وەستاندنی تۆپبارانەکانی تورکیا.
بەرەبەیانیی رۆژی 18ـی نیسانی 2022، ئۆپەراسیۆنی چنگ - قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان لە دژی پەکەکە دەستیپێکرد. وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 118 گەریلا و کوژرانی 20 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە. لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی 501 سەربازی تورکیا و گیان لەدەستدانی 32 گەریلا و پچڕانی پەیوەندیی بە دوو تیمی گەریلا راگەیاندووە.
ئەمڕۆ زیاتر لە 15 جار دەوروبەری گوندی هروور سەر بە ناحیەی کانی ماسێ لە قەزای ئامێدی لەلایەن سوپای تورکیاوە تۆپباران کرا pic.twitter.com/0JV0MCW4F9
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 28, 2022
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ