داهاتی بازاڕی دیپلۆماسیی چیک لە هەولێر بۆ چاندنی دار تەرخاندەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
کونسوڵخانەی چیک لە هەرێمی کوردستان بازاڕێکی تایبەت بە نمایش و فرۆشتنی بەرهەمی ژمارەیەک خاوەنکار رێکدەخات کە ئامانج لێی پێشاندان و خستنەڕووی ئەو بەرهەمانە بوو کە تایبەتن بەو وڵاتانەی بەشدارییان تێداکردبوو، بازاڕەکە ئەمڕۆ کرایەوە تاوەکو کاژێر 10ـی شەو بەردەوام دەبێت، ئەو داهاتەی لە بەرهەمی کونسوڵخانەکان دەستدەکەوێت بۆ چاندنی دار لە هەرێمی کوردستان تەرخاندەکرێت.
یەکەمین بازاڕی دیپلۆماسی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، 7 کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان لەگەڵ 27 خاوەنکاری ناوخۆیی بازاڕی یەک رۆژەی هاوڕێیەتیان بەڕێوە برد.
میشال سڤۆبودا، کونسوڵی چیک لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دەمانەوێت پەرە بە هاوڕێیەتیی نێوانمان و بازرگانییە نێوخۆییەکان بدەین. هەروەها دەمانەوێت پەرە بە کوردستانێکی سەوزتر بدەین. لەگەڵ ئەوەشدا، دەمانەوێت پێشانی بدەین کە کۆمەڵە نێودەوڵەتییەکان لێرە چییان پێدەکرێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا کۆنسوڵی چیک ئاماژەی بەوە دا، "پێموایە زۆر گرنگ دەبێت کە شتێکی زۆر تایبەت بۆ هەرێمی کوردستان دروستبکەین؛ واتە بەرهەمێکی کوردیی تایبەت کە لە دەرەوە دانی پێدابنرێت. ئێستاش هەندێ لەو جۆرە بەرهەمانە هەن. بۆیە پێویستە بازرگانییە خۆجێیەکانی ئەم ناوچەیە پاڵپشتییان بکرێت، بۆ ئەوەی هەر وەک چۆن چیک هەیە، کوردستانیش دەتوانێت بەرهەمی خۆی هەبێت و دانی پێدابنرێت. ناوی کوردستان وەکو براند، زۆر گرنگە".
کۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان بە بەرهەمی تایبەت بە وڵاتەکەیان لە بازاڕەکەدا بەشدارن، نوێنەری کەنەدا کێکە دروستکراوەکەی خۆی بە پارچەی 2500 دینار لە بازاڕەکەدا نمایش کرد.
ئەشڵی دوورەج، سەرۆکی نووسینگەی نوێنەرایەتیی کەنەدا لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "من بانگهێشترکرابووم کە بەشداری لەم بازاڕەدا بکەم کە لەلایەن کۆنسوڵی چیک و هاوژینەکەیەوە رێکخراوە. ئەوان گوتیان خواردنێک بێنە کە تایبەت بێت بە کەنەدا، بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ئێمە وەکو کەنەدا وڵاتێکین کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کۆچبەر و پەنابەران پێکهاتووە، بۆیە زۆربەی خەڵکی ئەو خواردنانە دەخۆن کە لە وڵاتە بنەڕەتییەکانیان هەیانە، بۆیە بیرم لەوە دەکردەوە کە شتێک بێنم کە هەموو کەنەدییەکان لە یەک کۆبکاتەوە، ئەوەش شیرینی نەنایمۆ بوو کە زۆربەی کەنەدییەکان لە سەرانسەری وڵات دەیخۆن."
لە بەرامبەر چای سریلانکی، خواردنی تیژی هیندی و شیرینی تایبەتیی ئەوروپی، خاوەنکارانی ناوخۆ بە بەرهەمی چنراو و ئێکسسواراتی رازێنراو بە نەخش و هێمای کوردی بەشدار بوون.