کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی: نێچیرڤان بارزانی کەسایەتییەکی بەهێزە و هەڵبژاردنی گرنگە

 

رووداو - هەولێر

سەعدوڵڵا مەسعودیان، کونسوڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند، هەڵبژاردنی نێچیرڤان بارزانی "کە کەسایەتییەکی دیار و بەهێزە" وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان رووداوێكی گرنگە، هەروەها دەبێتە رێگەیەکی رووناکتر و باشتر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان.

لە کاتی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاژێر 8:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، سەعدوڵڵا مەسعودیان، کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی رایگەیاند "هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رووداوێكی گرنگە. بە پێویستی دەزانم پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بە بۆنەی هەڵبژاردنی کەسایەتی دیار و بەهێز هاوشێوەی جەنابی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان".

سەعدوڵڵا مەسعودیان گوتیشی "بێگومان هەڵبژاردنی جەنابی رێزدار نێچیرڤان بارزانی دەبێتە رێگەیەکی رووناکتر و باشتر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و  ئومێدەوارم کە هەرچی زووتر کاری لەپێشینەی سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی هەرێـمی کوردستان، شایەتی ئەوە بین حکومەتی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت و بەدواداچوون بۆ بەرنامەکانی خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان بکەن".

لەبارەی بەشدارینەکردنی فراکسیۆنی یەکێتی لە دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ دەنگدان بە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەعدوڵڵا مەسعودیان گوتی "من باوەڕم وایە کە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەنگی نەرێنییان نەداوە بەڵکو ئەوان بەشدارییان لە دەنگدانەکە نەکردووە، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی خراپ لە یەکدی تێگەیشتنی نێوان دوو پارتی سەرەکی هەرێمی کوردستان بووبێت کە خراپ لە یەکدی تێگەیشتنێكی کاتییە، لەوانەیە لەبەرئەوە بووبێت کە وایکرد فراکسیۆنی یەکێتی لە پرۆسەی دەنگدانەکە بەشداری نەکات".

لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی بۆچوونی ئێران سەبارەت بە دوو یەکپارچەیی هەرێمی کوردستان، کۆنسوڵی ئێران لە سلێمانی گوتی "ئەگەر ئێران لە دوو ئیدارەیی بەرگری بکردایە، ئەوا بەو جۆرە بە تەواوی بوونی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تێنەدەکۆشا. بێگومان ئەو تێڕوانینە تێڕوانینێكی درووست نییە، هەرێمی کوردستان ئەگەر یەکپارچەیی بێت و پارێزگاکانی لە چوارچێوەی یەک تێڕوانین و لەژێر دەسەڵاتی یەک حکومەتی بەهێز بەڕێوەببرێت، ئەوا بێگومان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران باشتر دەبێت".

سەعدوڵڵا مەسعودیان دەڵێت، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەیە، ئەزموونی پێشتری نێچیرڤان بارزانیش ئەوە دەخاتەڕوو کە بێگومان جیاوازیش ناکات.


دەقی هەڤپەیڤینەکە لەگەڵ سەعدوڵڵا مەسعودیان:


رووداو: کۆنسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەڵێت، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی زۆر باش بووە، بۆ قۆناخی داهاتوو پەیوەندییەکان چۆن دەبن؟

سەعدوڵڵا مەسعودیان: من سڵام هەیە بۆ بینەرانی بەڕێزی تۆڕی میدیایی رووداو، ئەمە گرنگترین رووداوی سیاسییە کە لە هەرێمی کوردستان روویداوە، واتە هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە من بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەم  و ئومێدواریشم کە ئەم هەنگاوە گرنگترین و سەرەکیترین هەنگاو بێت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز و هەروەها یەکڕیزی نەتەوەیی هەرێمی کوردستان هەرچی زووتر، بێتەدی. بێگومان بە هەڵبژاردنی جەنابی رێزدار نێچیرڤان بارزانی، دەبێتە رێگەیەکی رووناکتر و باشتر لە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان و  ئومێدەوارم کە هەرچی زووتر کاری لەپێشینەی سەرۆکی نوێی هەڵبژێردراوی هەرێـمی کوردستان، شایەتی ئەوە بین حکومەتی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بێت و بەدواداچوون بۆ بەرنامەکانی خۆشگوزەرانی و پەرەپێدانی هەرێمی کوردستان بکەن".

رووداو: فراکسیۆنی یەکێتی بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمانی نەکرد، ئێوە چی دەڵێن لەبارەی ئەو هەڵوێستەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان؟

سەعدوڵڵا مەسعودیان: هەڵبەتە، بەریەککەوتنی بیروبۆچوونی سیاسی و نەبوونی تێگەیشتن لە تێڕوانینە سیاسییەکان لە یەک کۆمەڵگەی شارستانی، بەتەواوەتی ئاساییە. هەرچەندە کە من باوەڕم وایە کە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان دەنگی نەرێنییان نەداوە بەڵکو ئەوان بەشدارییان لە دەنگدانەکە نەکردووە، ئەوەش لەوانەیە بەهۆی خراپ لە یەکدی تێگەیشتنی نێوان دوو پارتی سەرەکی هەرێمی کوردستان بووبێت کە خراپ لە یەکدی تێگەیشتنێكی کاتییە، لەوانەیە لەبەر ئەوە بووبێت کە وایکرد فراکسیۆنی یەکێتی لە پرۆسەی دەنگدانەکە بەشداری نەکات.  ئەوەش دیسانەوە، وەک پێشتر گوتم، بوونی جیاوازی لەنێو کۆمەڵگەی شارستانی وەک کۆمەڵگەی هەرێمی کوردستان بابەتێكی سرووشتییە. تێگەیشتنی ئێمەش ئەوەیە کە دەکرا ئەو خراپ لە یەکدی تێگەیشتنە 24 کاژێر بەر لە دەنگدانەکە چارەسەر بکرایە و ئەو کاتە بە دەنگە ئەرێنییەکانی یەکێتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەڵدەبژێردرا. بەڵام ئەوەم بە بیروبۆچوونێکی دژ تەماشام نەکردووە بەڵکو وەکو بەشدارینکردن لە پرۆسەکە تەماشای دەکەم.

رووداو: پارتی دەڵێت، لە کاژێر 10:00ی شەو یەکێتی رایگەیاندووە کە بەشداری کۆبوونەوەکە ناکات؟

سەعدوڵڵا مەسعودیان: باشە، ئەوە پشتگیری لە بیروبۆچوونەکانی من دەکات کە لەوانەیە خراپتێگەیشتنێک یان نەبوونی هاوئاهەنگی بووبێت بەڵام گرنگ ئەوەیە خۆشی خەڵکی هەرێمی کوردستان بپارێزین، هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رووداوێكی گرنگە و من لێرەوە بە پێویستی دەزانم پیرۆزبایی لە خەڵکی هەرێمی کوردستان بکەم بەبۆنەی هەڵبژاردنی کەسایەتی دیار و بەهێز هاوشێوەی جەنابی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆک هەرێمی کوردستان. ئومێدوارم کە ئەو (سەرۆکوەزیرانی داهاتوو) و وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهێزتر لە رابردوو، کاروباری خەڵکی هەرێمی کوردستان بەباشی بەرەو پێشەوە بەرن و سەرکەوتوو بن.

رووداو: ئێران زۆر جار نێوەندگیریتان کردووە لەنێوان لایەنەکانی کوردستان، ئێوە ناتانتوانی یەکێتی رازیبکەن بۆ بەشداری لە دانیشتنەکەی پەرلەمان؟

سەعدوڵڵا مەسعودیان: من لە پرسیاری پێشوو وەڵامم دایەوە، بڕیاری یەکێتی بە بەشدارینەکردن لە دەنگدان بە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە ناکۆکی سەرەکی و جدی نەبەستراوەتەوە. خۆزگە سەبارەت بە پارێزگاری کەرکووک سازشێكی تۆکمەتر لە بیروبۆچوونی نێوان ئەو دوو پارتە ئەنجامدەدرا و ئەو خراپ تێگەیشتنەی کە وەک ئێوە دەڵێن، لە ساتە کۆتاییەکاندا سەریهەڵدا، رووی نەدابایە. ئەوەش دیسانەوە هێندە بە نەرێنی نایبینم، ئەوەش چونکە جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەزانن کە ئەوان بە تێڕوانینێکی قووڵ  و فراوانەوە رووبەڕووی تەحەداکانی بەردەمیان دەبنەوە تاوەکو دواجار لە بەرنامەکانی کاری ئایندەیان بە دەرکردنی بڕیاری قووڵتر کارەکانیان ئەنجامبدەن، چونکە هەمیشە دەنگی جیاواز دەتوانێت ببێتە هۆی بەرزکردن و پەرەپێدانی وڵاتان. کۆماری ئیسلامیی ئێران بێگومان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەمیشە دەستپێشخەر بووە. ئێمە پێمان وابوو کە بە کەمترین کێشە، بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، هەرچەندە ئێستاش هەر پێموایە بە کەمترین کێشە ئەنجامدراوە بەڵام خۆزگە سەرکردەکانی هەردوو پارت زەمینەیەک دەڕەخساند کە دەنگەکانی یەکێتیش بچوونایە نێو سەبەتی جەنابی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی و بەهێزێکی زیاترەوە ئەو بەرپرسیارێتییان لەسەرشانی خۆیان وەردەگرت.

رووداو: پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران چەند گرنگە؟


سەعدوڵڵا مەسعودیان: هێندە گرنگە کە هەر وەک خۆتان فەرمووتان، بەهیچ جۆرێك بۆ ئێمە جێگەی قبووڵکردن نییە کە بوونی کێشەی سەرەکی و بنچینەیی وا بکات کاروباری هەرێمی کوردستان و حکومەت و وەزارەتەکان  و خەڵک تێکبدات، ئەوەش بەڕاستی دەبێتە جێگەی نیگەرانی ئێمە. بۆیە سرووشتییە کاتێک کە ئێمە تێڕوانینێكی لەو جۆرەمان سەبارەت بە هەرێمی کوردستان هەیە، بێگومان هەڵبژاردنی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بە هەنگاوێكی ئەرێنی دەبینین و چاویشمان لەوەیە کە حکومەتێكی بەهێز و بەتوانا دابمەزرێت و ئەرکەکانی بەباشی ئەنجامبدات.

رووداو: هەندێکجار دەگوترێ ئێران بە جۆرێک لە جۆرەکان پشتگیری دوو ئیدارەیی دەکات لە هەرێمی کوردستان، دەمەوێ بۆچوون و سیاسەتی روونی ئێوە لەو بارەوە بزانم؟

سەعدوڵڵا مەسعودیان: باشە ئەگەر ئێران لە دوو ئیدارەیی بەرگری بکردایە، ئەوا بەو جۆرە بە تەواوی بوونی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی تێنەدەکۆشا. بێگومان ئەو تێڕوانینە تێڕوانینێكی درووست نییە، هەرێمی کوردستان ئەگەر یەکپارچەیی بێت و پارێزگاکانی لە چوارچێوەی یەک تێڕوانین و لەژێر دەسەڵاتی یەک حکومەتی بەهێز بەڕێوەببرێت، ئەوا بێگومان بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران باشتر دەبێت. ئێمە هەر وەک گوتومانە، ئاسایشی خۆمان و خەڵک و خۆشگوزەرانی خەڵک و ئاسایشی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بە یەکدی بەستوومانەتەوە، ئەمە بە بابەتی جیۆپۆلیتیکی و ناوچەیی نەبەستراوەتەوە، بەڵکو لەڕاستیدا ئێمە هەستی یەک دەنگی، یەک سۆزی و دراوسێیەیی سەبارەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستانمان هەیە، بۆیە هەر کەسێك کە ئەو ئیدیعایانە دەخاتەڕوو کە گوایە ئێران پشتگیری لە دوو ئیدارەیی دەکات، ئێران پیشانیداوە کە بەو جۆرە نییە و ئەو قسەیە بە تەواوەتی رەتکراوەتەوە و ئومێدواریشم کە هەرگیز ئەو بابەتە روونەدات چونکە سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئایندە و بەرزبوونەوەی لە بوونی حکومەتێكی یەکگرتوو و بەهێز و پڵپشتیکراو لەلایەن هەموو پارتەکانی هەرێمی کوردستان بێت.

رووداو: بە بۆچوونی ئێوە، دەبێ سەرۆکی هەڵبژێردرای هەرێمی کوردستان چی بۆ سلێمانی بکات؟

سەعدوڵڵا مەسعودیان: من لەبەرئەوەی بە هەرحاڵ خۆم لە سلێمانی دەژیم، چاوەڕێدەکەم، واتە نەک لە بری خەڵکی سلێمانی چاوەڕێبکەم بەڵکو لە روانینی خۆم و کۆماری ئیسلامییەوە دەڵێم، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی پارێزگاکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک و هەڵەبجەیە و سرووشتییە کە تێڕوانینی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتەکەی سەبارەت بە هەموو ئەو پارێزگایانە، پشت بەخودا یەکسان بێت و بێگومان جیاوازیش ناکات، ئەزموونی پێشووی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی پیشانی دەدات کە کەسێكە بە تێگەیشتنی تەواو، هەندێ نیگەرانی بچووک کە لەلایەن هەندێ کەسەوە سەبارەت بە سلێمانی دەخرێنە روو کە بە حساب روانینی جیاواز هەبێت، بەڕێزیان بێگومان کۆتایی بەو نیگەرانییانە دەهێنێت. خەڵك نیگەران نەبێت من ئەو متمانەیە و دڵنیاییە لە نێوان چینی رۆشنبیرانی کۆمەڵگە دەبینم کە بە بوونی بەڕێز نێچیرڤان و ئەو حکومەتەی داهاتووەی کە دیاری دەکرێت و لە پەرلەمان دەنگ بەدەستدەهێنێت، هیچ کێشەیەک لە پارێزگای سلێمانی رووبەڕوومان نابێتەوە.

 

داڕشتنەوە: حەکیم داود