هەوڵدەدرێ لیوای 16ی سوپای عێراق بخرێتە سەر وەزارەتی پێشمەرگە

رووداو- هەولێر

بەهۆی پابەندنەبوونیان بە فەرمانەکانی بەغداوە، مووچەی ئەفسەر و سەربازانی کوردی لیوای 16 دەبڕدرێت و وەزارەتی پێشمەرگەش هەوڵی لەخۆگرتنی ئەو لیوایە دەدات.

لیوای 16ی سوپای عێراق، کە فەرماندە و زۆربەی سەربازەکانی کوردن و رێژەیان زیاتر لە هەزار و 200 کەسە، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە فەرمانێکی بەغدا، لە پێدانی مووچە و مافەکانیان بێبەش بوون.

عەمید هەڵگورد حیکمەت مەلا عەلی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندن و رۆشنبیری و هۆشیاری نیشتیمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵە، بە (رووداو)ی راگەیاند: "لەدوای پەرەسەندنی گرژی و ئاڵۆزییەکان و ئەو بۆشاییە ئەمنییەی، کە لە ناوچەکە دروست بوو، وەزارەتی بەرگری و نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی گواستنەوەی تەواوی لیوای 16 ی دابوو، ئەوەش مەنتیقێکی نائاساییە. هەر لەبەر ئەوە پێکهاتە کوردییەکەی لیوای 16 پابەندی فەرمانەکە نەبوون و لەشوێنی خۆیان و لە ئەرکی خۆیاندا ماونەتەوە. لە بەرامبەردا سوپای عێراق رێوشوێنی لە بەرامبەر لیواکە گرتووەتەبەر.
بەغدا بەنیازبوو لیواکە بگوازێتەوە و لە جێگەیان لیوایەکی عەرەب جێگیر بکات

عەمید هەڵگورد راشیگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە لەو هەڵوێستەی ئەو برایانەمان لە لیوای 16، خۆمان بە بەرپرس دەزانین و کارئاسانییان بۆ کراوە و هەوڵدراوە لەماوەیەکی نزیکدا ئەو بۆشاییە لەڕووی مەرجەعیەتەوە چارەسەر بکرێت و بخرێنە سەر جێگایەکی دیکە یان وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ ئەوەی مافیان نەفەوتێت".

لیوای 16ی سوپای عێراق لە سنووری دوزخورماتوو و زنجیرە چیاکانی حەمرین جێگیر بووە، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی ئەو لیوایە، بەغدا بەنیازبوو لیواکە بۆ شوێنێکی دیکە بگوازێتەوە و لە جێگەیان لیوایەکی عەرەب جێگیر بکات.

عەمید هەڵگورد حیکمەت رەخنە لە بەرپرسانی بەغدا دەگرێت و دەڵێ: "پێکهاتەی تورکمان و عەرەبی لیوای 16 هەر لە سەرەتای گرژی و ئاڵۆزییەکان، ئەرکەکانی خۆیان بەجێهێشت و تەنیا پێکهاتەی کورد لە لیواکەدا ماوەتەوە. لە جیاتی ئەوەی رێز لەو ئەفسەر و سەربازە کوردانەی لیوای 16 بگیرێت، کە لە شوێنی خۆیان ماونەتەوە و ئەرکەکانیان راپەڕاندووە، بڕیاری گواستنەوەیان بۆ دەرچووە".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە سەبارەت بە چارەنووسی ئەو لیوایە، گوتی: " لیوای 16 بووەتە بابەتێکی هەڵواسراو لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراق. ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەیی تەواومان هەیە بۆ ئەوەی ئەو بەرپرسیارێتییە بە تەواوی لەئەستۆ بگرین".