وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی: 150 هەزار کرێکار دەستەبەر کراون

28-04-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان داوا لە سەرجەم کرێکاران دەکات خۆیان دەستەبەر بکەن. دەشڵێت، پرۆژە نادرێتە ئەو کۆمپانیایانەی کرێکارەکانی دەستەبەر نەکردوون.
 
ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکارانەوە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە، 1ی ئایاری 2024، لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق پشووی فەرمی دەبێت. پشووەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.
 
لە هەرێمی کوردستان هیچ ئامارێکی فەرمی نییە کە چەند کرێکار هەن، زەکیە سەید ساڵح، بریکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "150 هەزار کرێکار دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ کراوە." داوای کرد، سەرجەم کرێکاران لەپێناو پاراستنی مافەکانیان خۆیان دەستەبەر بکەن.
 
وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بەردەوام جەخت لە دەستەبەرکردنی کرێکاران دەکاتەوە. بەرپرسەکەی وەزارەتی کار گوتی، "ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان پڕۆژە نادات بەو کۆمپانیایانەی کرێکارەکانیان دەستەبەر نەکردووە، ئەوەش هاندانە بۆ ئەوەی سەرجەم کرێکاران دەستەبەر بکرێن."
 
یوسف کەریم، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە رووداوی گوت، "ژمارەی ئەو کرێکارانەی دەستەبەر نەکراون، سێ هێندەی دەستەبەرکراوەکانە."
 
بەهۆی نەبوونی دەستەبەری و گەرەنتی لەسەر ژیانیان، بەشێک لە کرێکاران پاش بێکاری یان خانەنشینی، یان لە کاتی رووداوێک هیچ مافێکیان پێنادرێت. بەپێی ئامارەکانی رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی کرێکاران ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان 19 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیانلەدەستداوە، ساڵی رابردووش 41 کرێکار.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە