لەگەڵ رەنج؛ دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران دەكرێت و ئەم ساڵ بەرهەمهێنان گەیشتووەتە لووتكە ‏

28-04-2024
هیدایەت جان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ئەم ساڵ حکومەتی فیدراڵ بڕیاریداوە شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان وەربگرێت و بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوئاهەنگییان کردووە هاوشێوەی پارێزگاکانی عێراق و بەبێ جیاکاریی سەرجەم گەنمی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستان لە جووتیاران وەربگیرێت.
 
هاوکات، ئەندامێکی مەكتەبی تەنفیزیی ‏یەكێتیی ‏جووتیارانی ‏‏‏‏كوردستان دەڵێت: "لەکاتی پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران وەزارەتی کشتوکاڵ 2٪ـی پارەی گەنمی جووتیاران بەناوی پێدانی بنەتۆو و قڕکەرەکان لە جووتیاران وەردەگرێت، بەڵام سێ ساڵ زیاترە هیچ بنەتۆو یان قڕکەرێک نەدراوە بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان." 
 
رۆژی یەکشەممە، 28-04-2024، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنج بە میوانداریی هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و نوێنەری وەزارەتی ‏كشتوكاڵ؛ خالید تاهیر، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی ‏یەكێتیی ‏گشتیی ‏جووتیارانی ‏‏‏‏كوردستان؛ مام فارس حوسێن، سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏جووتیارانی ‏سەردەم؛ هەردی قادر، جووتیار لە سنوری كۆیە، ئاستی بەرهەمهێنان و وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.
 
 
چاوەڕوان دەکرێت بەرهەمی گەنم "زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بێت"
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و نوێنەری وەزارەتی ‏كشتوكاڵ دەڵێت لە رێگەی مانگی دەستکردەوە رووپێویان بۆ کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و چاوەڕوان دەکەن بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ زیاتر لە دوو ملیۆن تۆن بێت. 
 
هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندن و نوێنەری وەزارەتی ‏كشتوكاڵ گوتی: "لە ساڵانی رابردوو وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەئاست چاوەڕوانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی کشتوکاڵدا نەبوو، ساڵی رابردوو پێداگرییەکی زۆرمان کرد رێگەیەک بۆ چارەسەری ئەو کێشەیە بدۆزینەوە."
 
ئەم ساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیایەکی بواری تەکنەلۆجیا و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، رووپێوییەکیان لە رێگەی فۆرمی جووتیاران و مانگی دەستکردەوە کردووە و وەکو هیوا عەلی ئاماژەی پێدەدات: "رووپێوییەکە دەریدەخات دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی بە گەنم چێنراوە و پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنمی ئەم ساڵ بگاتە سەرووی دوو ملیۆن تۆن."
 
جووتیاران لە ساخکردنەوەی گەنمەکانیان دڵنیا دەکرێنەوە
 
بەڕێوەبەری راگەیاندن و نوێنەری وەزارەتی ‏كشتوكاڵ دڵنیایی دەداتە جووتیاران کە ئەم ساڵ وەرگرتنی گەنمەکانیان هاوشێوەی ساڵانی رابردوو نابێت و دەشڵێت بۆ ئەوە لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هاوئاهەنگییان کردووە. 
 
 
هیوا عەلی پێیوایە، هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی گەنمدا پێداویستیی نێوخۆی تێپەڕاندووە: "دڵنیایی دەدەین بە جووتیاران، ئەم ساڵ وەکو ساڵانی رابردوو نابێت و لیژنەیەکی 15 کەسی لە بەغداوە پێکهێنراوە کە هەفتەیەکە بە شێوەی مەیدانی سەردانی کێڵگەکان دەکەن و رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە کۆبوونەوەیەکی یەکلاکەرەوەمان دەبێت بۆ ئەوەی هیچ جیاکارییەک لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و عێراق نەکرێت و تەواوی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت".
 
هاوکات، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ‏كشتوكاڵ دەڵێت؛ "ئەم ساڵ حکومەتی فیدراڵ شەش ملیۆن تۆن گەنم لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستان وەردەگرێت و پێداگرە لەوەی هیچ جیاکارییەک لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق نەکرێت بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران، مەگەر ئەوەی ناکۆکییەکی سیاسیی بێتە پێشەوە."
 
عێراق متمانەی بە ئاستی بەرهەمهێنانی گەنمی کوردستان نییە
 
بە گوتەی هیوا عەلی؛ عێراق متمانەی بە ئاستی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان نەبوو، بۆیە ئەم ساڵ بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی 15 کەسییان رەوانە کردووە و ئێستا بە شێوەی مەیدانی رووپێوی و هەڵسەنگاندن بۆ گەنمی هەرێمی کوردستان دەکەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ دەشڵێت: "پێشتر گەنمی هاوردەکراو بەناوی بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان دراوەتە سایلۆکان، بەڵام بۆ ئەم ساڵ لە مانگی رابردووەوە هاوردەکردنی گەنممان بۆ هەرێمی کوردستان قەدەخە کردووە و تەنانەت گواستنەوەی گەنم لە نێوان شارەکانیش قەدەخەکراوە بۆ ئەوەی ئەم دیاردەیە بنەبڕ بکرێت".
 
 
حکومەت "2٪ـی پارەی گەنمی جووتیاران وەردەگرێت"
 
خالید تاهیر، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزی ‏یەكێتی ‏گشتیی ‏جووتیارانی ‏‏‏‏كوردستان گوتی: "لەکاتی پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران، وەزارەتی کشتوکاڵ 2٪ـی پارەکە بەناوی پێدانی بنەتۆو و قڕکەرەکان لە جووتیاران وەردەگیرێت، بەڵام سێ ساڵ زیاترە هیچ بنەتۆو یان قڕکەرێک نەدراوە بە جووتیارانی هەرێمی کوردستان".
 
هاوکات، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ روونیدەکاتەوە، ئەو پارەیەی لە جووتیاران وەردەگیرێت تەنیا بۆ دابینکردنی بنەتۆو و پەینی کیمیایی نییە و وەکو ئاماژەی پێدەدات: "بەو پارەیە رووبەڕووی دەیان ئافات بووینەتەوە و ساڵی رابردوو بنەتۆومان بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر 11 هەزار جووتیاری هەرێمی کوردستاندا دابەشکردووە".
 
"بەناوی بەرهەمی خۆماڵی گەنمی قاچاخ دەدرێتە سایلۆکان"
 
مام فارس حوسێن، سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏جووتیارانی ‏سەردەم باس لەوە دەکات، "ساڵانە کۆمەڵێک کەس گەنمی قاچاخ لە دەرەوە دەهێنن و لە وەرزی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەیدەن بە سایلۆکان".
 
فارس حوسێن داوا دەکات حکومەتی هەرێمی کوردستان و سایلۆکان "بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکەن و گەنم لە جووتیاری راستەقینە وەربگرن نەک کەسانی قاچاخچی".
 
 
سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏جووتیارانی ‏سەردەم نایشارێتەوە "تاوەکو ئەم ساڵیش وەرگرتنی گەنمی قاچاخ بە واستە لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامبووە.. چەند رۆژ لەمەوبەر چوومە لای بەڕێوەبەری سایلۆ و گوتی ئەم ساڵ ئێمە هیچ دەستوەردانێک ناکەین و ئەرکی وەرگرتنی گەنم و سەرپەرشتیکردنی دراوەتە وەزارەتی کشتوکاڵ و ئەوەش هیوایەکمان پێدەدات کە دیاردەی وەرگرتنی گەنمی قاچاخ لە سایلۆکان کەم ببێتەوە".
 
یەکێتی جووتیاران نوێنەری راستەقینەی جووتیاران نییە
 
مام فارس حوسێن پێیوایە یەکێتی جووتیارانی کوردستان نوێنەرایەتیی حیزبەکانی هەرێمی کوردستان دەکەن و نوێنەری راستەقینەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان نین.
 
بە گوتەی مام فارس؛ "لەدوای دروستبوونی بەرەی کوردستانی کە دامەزراندنی یەکێتیی جووتیارانی یەکێک لە دەرەنجامەکانی بوو، تاوەکو ئێستا ئەو یەکێتییە نوێنەرایەتی حیزبەکان دەکات و نەیتوانیوە لەماوەی ئەم 30 ساڵەدا کۆنگرەیەک ببەستێت و هەڵبژاردن بکات".
 
وەکو سەرۆكی ‏رێكخراوی ‏جووتیارانی ‏سەردەم ئاماژەی پێدەدات؛ "ئەگەر یەکێتیی جووتیاران نوێنەری راستەقینەی جووتیاران بووایە رێگەی نەدەدا زیاتر لە ملیۆنێک و 780 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بە بیانووی ماستەرپلانەوە تەخشان و پەخشان بکرێت، ئەگەر ئاوا بڕوات تاوەکو 10 ساڵی دیکە بایی ئەوەندە زەوی کشتوکاڵیمان نابێت کە نەوەکانی داهاتوو کشتوکاڵی لەسەر بکەن."
 
 
جووتیاران گەشبین نین بە وەرگرتنی گەنمەکانیان
 
هەردی قادر، جووتیار لە سنووری كۆیە بێهیوایی خۆی لە ساخکردنەوەی بەرهەمەکەی پێشاندەدات: "هەموو ساڵێک وەزارەتی کشتوکاڵ دڵخۆشمان دەکات بەوەی گەنمی سەرجەم جووتیاران وەردەگیرێت، بەڵام کاتێک وادەی وەرگرتنی گەنم دێت بەشێکی زۆر لە جووتیاران دەچنە نۆرەوە و گەنمەکەیان وەرناگیرێت، بۆیە گەشبین نینه بە وەرگرتنی گەنمەکانمان".
 
 
بە گوتەی هەردی قادر؛ لەکاتی کرانەوەی دەرگەی سایلۆکان، هەموو ساڵێک بە سەتان بارهەڵگرمان لەپێشە کە بە واستە گەنمەکانیان وەردەگیرێت و دواتر لە نۆرەی جووتیاراندا ئیتر کۆتایی وەرگرتنی گەنم رادەگەیەنن و گەنمەکان لەسەر دەستمان دەمێنێتەوە".
 
هەرچەند ئەم ساڵ چاودێری پرۆسەی گەنمی جووتیاران دراوەتە وەزارەتی کشتوکاڵ و بۆ چارەسەری ئەو گرفتەش بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین بە واستە گەنم لە سایلۆکان وەربگیرێت و مافی جووتیاران بفەوتێت، بۆیە داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقیش کردووە لیژنەیەک بنێرن بۆ چاودێریکردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان".
 
.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."