رووداو دیجیتاڵ
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، کۆمپانیای تورکی لە کێڵگەی کۆرمۆر کە رۆژی هەینی بە درۆن هێرشیکرایە سەر، کاردەکەن. کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەرێمی کوردستان لەسەر هێڵە.
ئۆنجو کەچەلی، گوتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، 28-4-2024، لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە: "هەینیی رابردوو کێشەی ئەمنی لە کێڵگەی گازیی کۆرمۆر دروستبوو، کە لە شارۆچکەی چەمچەماڵی سەر بە سلێمانییە لە عێراق. ئێستا وا دیارە دۆخەکە ئارامە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هەروەها جەختی کردووەتەوە، کۆمپانیا تورکییەکانیش لە کێڵگەی کۆرمۆر کاردەکەن و لەبارەی داواکاری بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی تورکیا دەڵێت، کۆنسوڵخانەی تورکیا لە هەولێر لەسەر هێڵە و "ئەوەی پێویستە کردوویەتی."
چی روویدابوو؟
کاژێر 06:45ی ئێوارەی رۆژی هەینی، 26-4-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ.
بە گوتەی رەمک رەمەزان، قایمقایمی چەمچەماڵ، لە ئەنجامدا چوار کرێکاری بیانی گیانیان لەدەستدا و دووی دیکەش بریندار بوون.
رەمک رەمەزان رایگەیاند، ئەو شوێنەی کراوەتە ئامانج هەمان ئەو شوێنەیە کە جاری پێشوو هێرشی کرایەسەر و شوێنەکە لەژێر نۆژەنکردنەوەدا بوو.
کێڵگەی کۆرمۆر دەکەوێتە شارۆچکەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ. کۆمپانیای دانەگاز و نەوتی هیلالی ئیماراتی وەبەرهێنانی تێدا دەکەن. کێڵگەکە یەکێکە لە ناوچە دەوڵەمەندەکان بە سامانە سرووشتییەکان، بەتایبەت گاز.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق دەڵێت، لەسەر رێنمایی محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی وڵات، لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر پێکهێنراوە.
پڕۆژەی گازی کوردستان لە ساڵی 2007 دامەزرا، کاتێک دانەگاز و نەوتی هیلال گرێبەستێکیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی تایبەت بە قەبڵاندن و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و بەبازاڕکردن و فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان لە هەردوو وێستگەی کۆرمۆر و چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان.
دوای تێپەڕبوونی 15 مانگ بەسەر پڕۆژەکە و لە تشرینی یەکەمی 2008، بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر دەستیپێکرد لە وێستگەیەک کە تازە دروستکرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ