لە سۆران ساڵ بە ساڵ رێژەی جیابوونەوەی هاوژینان زیاد دەکات و زەنگی مەترسی لێدەدرێت

29-04-2024
ئەندام جەبار
وێنەکە دادگەی سۆرانە
وێنەکە دادگەی سۆرانە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

زیادبوونی جیابوونەوەی هاوژینان لە سنووری ئیدارەی سۆران، کۆمەڵناس، یاساناس و پارێزەرانی کۆکردەوە و گفتوگۆیان لەبارەی چۆنیەتیی رێگرتن لە زیادبوونی زیاتری لێکترازانی نێوان ژن و مێردەکان کرد. 
 
کۆبوونەوەی ئەو پسپۆڕیەتە جیاوازانە لە دیدارێکدا بوو کە لە لایەن نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سۆران رێکخرابوو. 
 
جەواد سوار، بەرپرسی نووسینگەی سۆرانی مافی مرۆڤ دەڵێت: "ئەو ئامارانەی ئێمە تێبینیمان کردوون بە راستی هی ئەوەن کە ئەو چالاکییانەی بۆ ئەنجام بدەین، هەروەها گەورەتر لەوەش پێویستە کۆنفرانسی بۆ ئەنجام بدەین، چونکە ئەوەی ئێمە دەیبینین مارەبڕین لە هەرێمی کوردستان کەم دەبێتەوە و جیابوونەوە بەرزدەبێتەوە."
 
ئامارەکان دەریدەخەن لێکجیابوونەوەی هاوژینان ئێستا پشکی شێری ئەو کەیسانەن کە رۆژانە لە دادگەکانی هەرێمی کوردستان کاریان لەسەر دەکرێت. 
 
فواد سەعید، پارێزەرە و زۆرترین کەیس کە ئەم ساڵ کاری لەسەر کردووە، لێکجیابوونەوەی هاوژینان بووە. دەڵێت: پێویستە وەکو پرۆسە سەیری هاوسەرگیری بکرێت، نەک تەنیا گرێبەستێک. 
 
ئەو پارێزەرە پێشنیاز دەکات و بە پێویستیشی دەزانێت، سەنتەرێکی تایبەت بە پرۆسەی هاوسەرگیری هەبێت، بە یاسا رێکبخرێ و ئەو کچ و کوڕانەی بەرەو پیریی پرۆسەی هاوسەرگیری دەچن بەو سەنتەرانەدا تێبپەڕن، "لەبەرئەوەی ئێمە هاوسەرگیری دەبێت وەک پرۆسە سەیر بکەین نەک گرێبەست، چونکە دەکرێ گرێبەست هەرکاتێک بتەوێت کۆتایی پێبهێنیت."
 
خراپیی دۆخی دارایی و کاریگەریی سۆشیاڵ میدیا و تەمەن لە کاریگەرترین هۆکارە دەستنیشانکراوەکانی زۆربوونی لێک جیابوونەوەن، هاونیشتمانییان هۆکاری دیکەش باس دەکەن کە بوونەتە هۆی جیابوونەوەی هاوژینان.
 
عەبدوڵڵا ئەحمەد، دانیشتووی سۆرانە، دەڵێت: "منداڵە و تامی شیری خاو هەر لە دەمیدایە، دەڵێت ئەوکچەم بۆ بخوازن، ئێ کە بۆی دێنن مانگێک دوو مانگ لەگەڵ یەک نابن و جیا دەبنەوە."
 
هەندرێن ئەحمەد هاونیشتمانییەکی دیکەیە و دەڵێت: "هەموو هۆکارەکە خۆمانین کە گوێ ناگرین و لێکتێگەیشتن نەماوە، کەسمان پێ گەورە نییە ئامۆژگاری لێ وەربگرین."
 
بەپێی ئەو ئامارانەی رووداو دوای بەدواداچوون دەستی کەوتوون: 
 
لە سنووری سۆران لە ساڵی 2022:
 
1221 ژیانی هاوژینی پێکهێندراون
217 هاوژین جیابوونەتەوە 
 
لە ساڵی 2023 لە کۆی 1172 پێکهێنانی ژیانی هاوژینی 228 کەس جیابوونەتەوە. 
 
لە چوار مانگی سەرەتای ئەم ساڵیش، 319 ژیانی هاوژینی پێکهێندراون و 25 لەوانە بە جیابوونەوە کۆتایی هاتووە. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە