ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نەینەوا: هەواڵی سووتاندنی مزگەوتێک لە شنگال هیچ بنەمایەکى راستى نییە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەى ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانى نەینەوا رایدەگەیێنێت، هەواڵی سووتاندنی مزگەوتێک لە شنگال کە لەلایەن هەندێک ئەکاونت و پەیجی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، "هیچ بنەمایەکی راستی نییە."
لە راگەیێندراوێکدا ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نەینەوا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وا بڵاوکراوەتەوە، کە یەکێک لە مزگەوتەکانی قەزاى شنگال سووتێندراوە، ئەو هەواڵە هیچ بنەمایەکى راستى نییە، داوا لە کەناڵەکانى راگەیاندن دەکەین ورد و هۆشیاربن لە گواستنەوەى زانیارییەکان و هەواڵ لە سەرچاوە دروستەکەیەوە وەربگرن و کلیلى خێر و نغرۆکەرى شەڕ بن."
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، "رۆڵەکانى پارێزگاى نەینەوا و گەلى عێراق هاوکارن لەنێوان خۆیاندا و یەکدییان خۆشدەوێت، هەموو ئەو بیروباوەڕ و بابەتانە رەتدەکەنەوە کە لە دەرەوەى یاسان و هەوڵدەدەن بۆ دروستکردنى دووبەرەکى لەنێو رۆڵەکانى گەل و رۆڵەکانى پارێزگاکە."
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی پێنجشەممە 27-04-2023 لە شنگال خۆپێشاندانێک لە دژی گەڕانەوەی عەرەبی هاوردە کە کوردانی ئێزدی دەڵێن، "هاوکاری داعشن" ئاڵۆزی لێکەوتەوە. بەشێکی لایەنە ئیسلامییەکان دەڵێن، لەو چوارچێوەیەدا هێرشکراوەتەسەر مزگەوتێک، بەڵام میری ئێزدیان ئەوە رەتدەکاتەوە.
لەسەر ئاڵۆزییەکانی رۆژی پێنجشەممە لە شنگال، مەڵبەندی نەینەوای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، "چەند کەسێکی تووندڕەوی پێکهاتەی ئێزدی هێرشیان کردووەتەسەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال بە بیانووی بێ مانا، ئێمە بە تووندی ئەم تاوانە ریسوا و شەرمەزار دەکەین."
هاوکات میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان رەتیکردەوە لە شنگال هێرش کرابێتە سەر مزگەوت و رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەواڵی هێرشکردنەسەر و سووتانی مزگەوت لە شنگال بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە، ئەوە ئەخلاقی ئێمە و ئێزدیی نییە هێرش بکەینە سەر مزگەوت."
میری ئێزدییان دەڵێت، کاتێک داعش هێرشی سەر شنگال و ئێزدییەکانی کردووە و موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە. جەخت دەکاتەوە: "ئەوە لە ئەخلاقی ئێزدییەکان و میری ئێزدییدا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر. فەرماندەی فیرقەی شنگالیش جەختیکردووەتەوە کە هیچ مزگەوتێک نەسووتێندراوە."
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان لەبارەی "هێرشکردنە سەر مزگەوتێک" لە شنگال دەڵێت، "هێرشەکە کەسییەوە و پەیوەندیی بە هیچ ئایینێکەوە نییە." هاوکات یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامییش "بە تووندی سەرکۆنەی" ئەو کارەی کردووە و بە "سووکایەتی و کاری تێکدەرانە" ناوی بردووە.
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو، 40 خێزانى ئاوارەى عەرەب گەڕاونەتەوە شنگال، یەکێک لە ئەندامانى ئەو خێزانانە لەلایەن کوردانى ئێزدییەوە ناسراونەتەوە، کە گوایە ئەوکاتەى داعش شارەکەى کۆنترۆڵ کردووە، هەڕەشەی لە ئێزدییەکان کردووە؛ ئەو کەسە ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراوە.
ناڕەزایەتییەکان لە شنگال لەدواى ئەوە بوو کە لە 18ى نیسان کەمپى جەدعەى پێنج لە موسڵ داخرا، کە تایبەت بوو بە کەسوکارى چەکدارانى داعش.