رووداو دیجیتاڵ
یاریدەدەری میری کوردانی ئێزدی دەڵێت، دەستێک لەپشت ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شنگالەوە هەیە و ئاماژە بەوەش دەکات، لایەنێک هەیە کەسانێک هاندەدات بۆ ئەوەی بێڕێزی بە پیرۆزیی ئایینەکانی دیکە بکەن.
رۆژی پێنجشەممە، 27ـی نیسانی 2023، لە خۆپێشاندانی بەشێک لە شنگالییەکان دژی گەڕانەوەی ئاوارە عەرەبەکان، چەند کەسێک هێرشیان کردە سەر مزگەوتی رەحمان لەو قەزایە. خۆپێشاندانەکە بەهۆى ئەوەوە بوو کە شنگالییەکان پێیان وایە بەشێک لەوانەى گەڕێندراونەتەوە، ساڵى 2014 دەستیان لە کوشتن و رفاندنى کوردانی ئێزدییدا هەبووە.
رۆژی هەینی، 28ـی نیسانی 2023، هەرمان میرزابەگ، یاریدەدەری میری کوردانی ئێزدی میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە فوئاد رەحیم پێشکێشی کرد، لەبارەی هێرشکردنە سەر مزگەوتی رەحمان لە شنگال رایگەیاند: "ئەوەی دوێنێ لە شنگال روویدا، کۆمەڵێک کەسیان لەنێودا بوو کە ئێزدی نەبوون، چونکە ئایینی ئێزدی رێگە بەم هەڵسوکەوتانە نادات؛ لە ساڵی 2014ـەوە خەڵکی ئێمە ئەو مزگەوتەیان پاراستووە و پیرۆزیی ئەو شوێنەیان هێشتووەتەوە و رێزیان لێگرتووە، بۆیە لە فەرهەنگی ئێزدییدا ئەو کارانە جێگەیان نابێتەوە".
هەرمان میرزابەگ پێیوایە، ئەوەی دوێنێ روویدا، "حەشدی شەعبی و پەکەکە"ـی لەپشت بووە و ئاماژەی بەوەشکرد، کۆمەڵێک لەو کەسانەی پێشتر لەنێو داعشدا بوون، تێبینیی یاساییان لەسەرە و "تاوەکو ئێستاش سزای یاساییان وەرنەگرتووە؛ ئەگەر ئەو کەسانە سزای یاساییان وەرگرتبا، ئەو ناڕەزایەتییەی دوێنێش دروستنەدەبوو".
بە گوتەی یاریدەدەری میری کوردانی ئێزدی، زۆر کەسی دیکە گەڕاونەتەوە شنگال و تاوەکو ئێستا ئێزدییەکان رێگرییان لێ نەکردوون، هەر ئەوەش دەیسەلمێنێت کە دەستی لایەنێکی سیاسی لەپشت ئەو رووداوەیە بۆ ئەوەی خەڵکی ئێزدی و موسڵمان لەو پێکەوەژییانەی لەگەڵ یەک هەیانە دووربکەنەوە.
ناڕەزایەتیی رۆژی پێنجشەممەی کوردانی ئێزدی لە شنگال، بەرامبەر گەڕانەوەی کۆمەڵێک عەرەب بوو کە گومانیان هەیە لە ساڵی 2014 دەستیان لە کوشتن و رفاندنی کوردانی ئێزدی هەبووبێت و یاریدەدەری میری کوردانی ئێزدیش دەڵێت، "ئێمە تەنیا لەگەڵ گەڕانەوەی ئەو کەسانە نین کە داعش بوون و دەستیان هەبووە لەو تاوانانەی بەرامبەر کوردانی ئێزدی کراون، ئەگینا کێشەمان لەگەڵ گەڕانەوەی هیچ کەسێک لە هیچ ئایین و پێکهاتەیەک بۆ شنگال نییە".
هەرمان میرزابەگ رەتیدەکاتەوە لەبارەی ئەو ئاڵۆزییانەی لە شنگال دروستبوون لەگەڵ لایەنە ئەمنییەکانی شنگال گفتوگۆ بکەن و رایدەگەیێنێت، "تاوەکو ئەو کاتەی رێککەوتنی شنگال جێبەجێ نەکرێت، ئێمە لەگەڵ هیچ لایەنێکی ئەمنی گفتوگۆ ناکەین؛ لەبەر ئەوەی ئێمە داوامانکرد تەنیا پۆلیس لەنێو شنگالدا بمێنێتەوە و ئەوانیش ئەو داوایەیان جێبەجێ نەکرد. خەڵکی ئێمە چی دیکە نایەوێ هەر چەند رۆژە و لەگەڵ لایەنێک گفتوگۆ بکەن، چونکە هێزە ئەمنییەکانی شنگال هەریەکەی لەژێر فەرمانی لایەنێکدان".
یاریدەدەری میری کوردانی ئێزدی گوتی، دەیان جار ئەنجوومەنی رووحانی و میری کوردانی ئێزدی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆککۆمار کۆبوونەتەوە و کێشەی شنگالیان گەنگەشە کردووە، بەڵام دۆخەکە زیاتر ئاڵۆز کراوە و رۆژ دوای رۆژ گرفت دەخوڵقێندرێت بۆ ئەوەی ئارامی بۆ شنگال نەگەڕێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ