لە ئامێدی بەهۆی تەقینەوەی بۆمبی چێندراوەوە کەسێک گیانی لەدەستدا؛ باوکی سێ منداڵ بوو


رووداو دیجیتاڵ

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هاونیشتمانییەک لە چیای ئەلهووی سنووری ئامێدی بەهۆی تەقینەوەی تی ئێن تییەوە گیانی لەدەستدا و هاوڕێیەکیشی بریندارە و لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک چارەسەری تەندروستی بۆ دەکرێت. کەسوکارێکی دەڵێت، بەهۆی رووداوەکەوە قاچەکانی لێ ببوونەوە.
 
ماجد بەرچی، شاهێدحاڵی رووداوەکەیە و دەڵێت، "نزیکەی کاژێرێک چووینە سەر چیاکە تاوەکو گەیشتینە شوێنی رووداوەکە، سەیرمان کرد یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەیش بریندارە. بریندارەکەمان رەوانەی نەخۆشخانە کرد."
 
دڵشاد عەبدولڕەحمان کە تەمەنی 40 ساڵ بوو، لە رووداوەکەدا گیانی لەدەستدا، لە مزگەوتی گوندی کانێ لە سنووری ئامێدی نوێژ لەسەر تەرمەکەی کرا و لە ئامێدی بە خاک سپێردرا.
 
فەخری بەرواری، کەسوکاری دڵشادە و بە رووداوی گوت، "هەم چووبوونە گەشت و هەمیش بۆ هێنانەوەی گژوگیای بەهاری چووبوون، باوکی [دڵشادیش] لە گەڵیان بوو، دوو کەسی دیکەشیان لەگەڵ بوو کە ئەوان سەلامەتن. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، تی ئێن تی پێیاندا تەقیوەتەوە، چونکە قوربانییەکەی پێیەکانی لێ ببووەوە."
 
دڵشاد عەبدولڕەحمان هاوژین و سێ منداڵی لە دوای خۆیدا بەجێهێشت.