لە شنگال چی روویدا؟ گەڕانەوەى 40 خێزانى عەرەب پشێوى دەنێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرەتای ڤیدیۆکە مشتومڕى کچە کوردێکى ئێزدی بەناوی بەدریە فەیسەڵ لەگەڵ بەرپرسێکى سەربازى لە شنگال دەبینن کە لە دژى گەڕانەوەى بەشێک لە ئاوارە عەرەبەکان بۆ سنوورى ئەو قەزایە قسە دەکات؛ بە دەنگى بەرز دەڵێت، "بە هەشت کەس دەستدرێژیی سێکسییان کردە سەرم."
ئەوە سەرەتای گرژییەکانی رۆژی پێنجشەممەی شنگال بوو کە تاوەکو ئێستا کاردانەوەکانی بەردەوامن. خۆپێشاندانى بەشێک لە شنگالییەکان لە 27ـی نیسان بەهۆى ئەوەوە بوو کە پێیان وایە بەشێک لەوانەى گەڕێندراونەتەوە، ساڵى 2014 دەستیان لە کوشتن و رفاندنى کوردانی ئێزدیدا هەبووە.
بەدریە فەیسەڵ کە رزگاربووی دەستی داعشە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، دوێنێ لەکاتی گەڕاندنەوەی ئەو عەرەبانە بۆ شنگال "یەکێک لە ئەندامانی داعش"ـی ناسیوەتەوە.
راکان رەڤۆ، چالاکڤان لە شنگال بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "ئەوانە تۆمەتبارن بەوەى داعشن یان بەشدارییان کردووە لە تاوانەکانى ئەو گرووپە لە دژى کوردانى ئێزدى کە هیچ یاسایەک قبووڵیان ناکات و دەبێت سزاى خۆیان وەربگرن."
بە گوێرەى زانیارییەکانى رووداو 40 خێزانى ئاوارەى عەرەب گەڕاونەتەوە شنگال، یەکێک لە ئەندامانى ئەو خێزانانە لە لایەن کوردانى ئێزدییەوە ناسراونەتەوە کە گوایە ئەوکاتەى داعش شارەکەى کۆنترۆڵ کردووە هەڕەشەی لە ئێزدییەکان کردووە. ئەو کەسە ئێستا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکراوە.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدخان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "هێشتا خوشکانى ئێمە لە دەستى ئەواندان و بازرگانییان پێوە دەکەن، بەڵام ئێستا پێمان دەڵێت کە لێکۆڵینەوەى ئەمنى لەگەڵیاندا کراوە و پێویستە بگەڕێنەوە ماڵى خۆیان لەناو شارى شنگال، ئەگەر دادپەروەرى نەیەتەدى و ئەوانە بگەڕێنەوە و نەهامەتى بۆ ئێزدیان بهێننەوە، بەهیچ شێوەیەک گەڕانەوەیان قبووڵ ناکەین."
ناڕەزایەتییەکان لە شنگال لەدواى ئەوە بوو کە لە 18ـی نیسان کەمپى جەدعەى پێنج لە موسڵ داخرا کە تایبەت بوو بە کەسوکارى چەکدارانى داعش.
عەلى جیهانگیر، بەڕێوەبەرى لقەکان لە وەزارەتى کۆچ و کۆچبەرانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو ئاوارە عەرەبانەى گەڕاونەتەوە شنگال ئەوانە نەبوون کە لە کەمپى جەدعە بوون، کەمپى جەدعە هیچ کام لە ئاوارە عەرەبەکانى شنگالى تێدا نییە، بەڵکو ئەوانە بوون کە ئاوارەى موسڵ و هەرێمى کوردستان بوون و ئەو پرسە لە دەست وەزارەتى کۆچ و کۆچبەراندا نەماوە و پەیوەندیی بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانەوە هەیە.
ناڕەزایەتیى لە گەڕانەوەى ئەو عەرەبانە بۆ شنگال لە کاتێکدایە نزیکەى 200 هەزار ئاوارەى کوردى ئێزدى لە هەرێمى کوردستانن کە بەهۆی کەمیی خزمەتگوزاری و ناجێگیریی رەوشی ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە زێدى خۆیان.
ناڕەزایەتییەکان دواتر پشێوییان لێکەوتەوە و لە ڤیدیۆیەکدا دەردەکەوێت چەند کەسێک هێرش دەکەنە سەر حەرەمی مزگەوتێک؛ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو جۆرە کردەوانە بە "پلانی کەسی" ناودەبات و "پەیوەندیی بە ھیچ ئایینێکەوە نییە، بۆیە داوا لە لایەنی پەیوەندیداری حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین، بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ دۆخی شنگالدا بکەن و بکەرانی رووداوەکە دەستنیشان بکەن و رووبەڕووی سزای یاسایی خۆیان بکەنەوە."
وەزارەتی ئەوقاف دەشڵێت: "ھەموو ئەو لایەنانەی لێناگەڕێن دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و بەرپرسی یەکەمی رووداوەکەن و کە بەردەوام رۆڵیان لە ئاژەوەگێڕیی دەڤەرەکەدا ھەیە."
هاوکات میر حازم تەحسین بەگ، میری ئێزدییانی کوردستان و جیهان رەتیکردەوە لە شنگال هێرش کرابێتە سەر مزگەوت و رۆژی هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەواڵی هێرشکردنەسەر و سووتانی مزگەوت لە شنگال بە هەموو شێوەیەک رەتدەکەینەوە، ئەوە ئەخلاقی ئێمە و ئێزدیی نییە هێرش بکەینە سەر مزگەوت."
میری ئێزدییان ئاماژەی بەوەکرد، کاتێک داعش هێرشی سەر شنگال و ئێزدییەکانی کردووە و موسڵمانان دەرگەی مزگەوتەکانیان بۆ کردوونەتەوە و کەمتەرخەمییان نەکردووە. جەخت دەکاتەوە: "ئەوە لە ئەخلاقی ئێزدییەکان و میری ئێزدییدا نییە مزگەوت بسووتێنین و هێرشی بکەنەسەر. فەرماندەی فیرقەی شنگالیش جەختیکردووەتەوە کە هیچ مزگەوتێک نەسووتێندراوە."