لە چیایەکی ئامێدی TNT بە دوو هاونیشتمانیدا دەتەقێتەوە و یەکێکیان گیان لەدەستدەدات


رووداو - ئامێدی

دوو ھاونیشتمانیی سڤیل لە چیای ئەلهوی زنجیرە چیای مەتینا تی ئێن تی پێیاندا دەتەقێتەوە و یەکێکیان گیان لەدەستدەدات. بەپێی زانیارییەکان ئەو دوو هاونیشتمانییە دانیشتووی گوندی "کانێ"ی سەر بە قەزای ئامێدین.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 28-04-2023 دەنگی تەقینەوەیەک لەنزیک لووتکەی ئەلهو لە زنجیرە چیای مەتینا بیستراوە، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکانی پەیامنێری رووداو، بەو هۆیەوە هاونیشتمانییەک گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

سەرچاوەیەک لە نزیک رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "چەند کەسێکی خەڵکی قەزای ئامێدی بۆ ھێنانی گیای بەھارە چوونەتە چیای مەتینا،" دواتریش دەنگی تەقینەوەیەک بیستراوە و "بریندار هەیە." ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، خەڵک بەرەو ئەو شوێنە دەچن.